ئەحمەد مەسعوود لە وتووێژێکدا لەگەڵ فاریێن پاڵیسی دەڵێ: چین، تاڵیبان بەهۆکاری سەقامگیری و ئەفغانستان بە وڵاتێک بۆ سازکردنی پردی پێوەندیی لەگەڵ ئێران دەزانێ و لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ئەگەر لە ڕێگەی ئەفغانستانەوە پەیوەست ببێ بە ئێرانەوە دەتوانی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ببێ بە هێز و ئەمریکا تووشی کێشە بکا.
ڕێبەری بەرەی بەرگریی بەدژی تاڵیبان” ئەحمەد مەسعوود” لە ناوچەی “پەنجشێر”ی ئەفغانستان، ڕۆژی سێشەممە ٩ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە وتووێژێکدا لەگەڵ گۆڤاری فاریێن پاڵیسی وتی: ئەگەر گرووپی تاڵیبان دەوڵەتێک دابمەزرێنێ کە ئازادی و بەرابەری هاووڵاتییانی ئەفغانستان دابین بکا و هەوڵ بۆ دەستبەرکردنی دادپەروەری بدا، ئەوە ئێمە چالاکییەکانمان بەدژی گرووپی تاڵیبان ڕادەوەستێنین و کارمان بە سیاسەت نییە.
ناوبراو لە درێژەدا بە ڕەخنەگرتن لە وڵاتی چین ڕایگەیاند کە وڵاتی چین دەیهەوێت لەم دەرفەتە بە قازانجی خوی کەڵک وەربگرێ و لە ڕێگەی ئەفغانستانە پردێک بۆ گەیشتن بە ئێران ساز بکا و لە ڕێگەی ئێرانیشەوە دەیهەوێت هێژمۆنی خوی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بسەپێنێ و ئەمریکا تووشی کێشە بکا.
جێگای ئاماژەیە کە پەنجشێر تەنیا هەرێمێکە لە ئەفغانستان کە تائێستا گرووپی تاڵیبان نەیتوانیوە دەستی بەسەردا بگرێ و هێزە چەکدارەکانی تاڵیبانی تووشی کێشە و گرفتی زۆر کردووە.