وەزیری بێهداشتی کۆماری ئیسلامی له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک له كچانی شیناوێ کۆبۆوه. له‌و چاوپێکه‌وتنه‌دا قوربانییانی ئەم ڕووداوە تاڵە داوایان لە ناوبراو كرد بۆ چارەسەریی سووتانەكانیان به‌ڕێی دەرەوەی وڵات بکرێن.
دوكتور سەید حوسێن هاشمی لە پەراوێزی كۆنگرەی سووتان لە ئاستی ئێران‌دا چاوی بە ١٢ كچی قوربانیی ڕووداوه‌که‌ی شیناوێ كەوت. ئەم ١٢ كەسە که لە چاو ئه‌وانی دیكەوە برینه‌کانیان سه‌ختتره، له كوردستانەوە بە مەبەستی چاوپێكەوتنی وەزیری بێهداشت بۆ تاران چوبوون.
لەم دیدارەدا، ئارەزوو یەكێك لەم كچانە کۆله شێعرێكی بۆ وەزیر خوێندەوەو لە بەشێك لە قسەكانی خۆیدا گوتی: “لە كوێ ڕا دەست پێ بكەم، باسی كامه برینم بكەم…. ئێستا كە چەند ساڵ له‌و ڕووداوه تێپەڕیوە هەموو ئێمەیان بیر چۆتەوە.. خوایە ئەوە باری كام گوناحە له من ده‌بێ به شانم هه‌ڵی‌بگرم…. تكایە هاوكاریم بكەن تا بتوانم بۆ ژیانی ئاسایی خۆم بگەڕێمەوە.”
یەكێكی دیكە لەم قوتابییانە داوای كرد که به مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری خێرا‌و گەڕانەوەی زووتریان بۆ نێو كۆمەڵگا بەڕێی دەرەوەی وڵاتیان بكەن. ئەم قوربانییەش بە وەزیری بێهداشتی گوت: هیچ شتێك گرینگتر لە جوانیی ڕوخسار نییە. دوكتورەكان له‌گه‌ڵمان باشن، بەڵام دەرمان‌و چارەسەر كردن لێرە كاتی زۆری دەوێ‌و ئیمکانات لێره که‌من، هەر بۆیە داوامان ئەوەیە كە بۆ دەرمان‌و چارەسەر به‌ڕێی دەرەوەی وڵات بکرێین.
له‌و دیداره‌دا به‌ڵام وه‌زیری بێهداشت هیچ وه‌ڵامێکی به‌و داوایه‌ی کچانی شیناوێ نه‌داوه، ته‌نیا گوتی هه‌وڵه‌کانیان بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌وان به‌رده‌وام ده‌بن.
دیداری وەزیری بێهداشت لە گەڵ كچانی شیناوێ لە حاڵێك دایە كە ماوەیەك لەمەوبەر پارێزەری كۆمەڵێك لەوان گوتی: تا ئێستاش‌و سەرەڕای بەدواداچوونی زۆر، بەڵام نەیانتوانیوە دیەی سەیران یەگانە و ساریا ڕەسووڵزادە وەربگرن كە لەم ڕووداوە دڵتەزێنەدا گیانیان لە دەست دا.
حوسێن ئەحمەدی نیاز گوتبووی تا ئێستا سندووقی دابین كردنی خەسارەت و بیمەی ئێران لە پێدانی قەرەبوو بەم كچانە خۆی بواردوە.