جۆبایدێن، سەرەڕای ئاماژە بەوەیکە وڵاتەکەی گەورەترین عەمەلیاتی هاتنەدەرەوەی لە مێژوودا بەڕێوەبردووە وتی: ئەمریکا کۆتایی بە درێژترین شەڕی مێژووی خوی لە ئەفغانستان هێنا، بەڵام تا ئێستاش مەئموورییەتی هێزەکانمان لە ئەفغانستان کۆتایی نەهاتووە.
جۆبایدێن، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە ٩ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی وتی: سەرەڕای هێرشەکانی گرووپی داعش بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێوەدەوڵەتیی کابول بە سەرکەوتووییەوە توانیمان زیاتر لە ٣٠ هەزار کەس لە ئەفغانستان بێنینەدەرەوە و عەمەلیاتی هاتنەدەرەوە لە ئەفغانستان مێژووییە و لە مێژوودا عەمەلیاتی بەوجۆرە دووبارە نابێتەوە.
بایدێن بە ئاماژە بەوەیکە هێزەکانمان سەرەڕای ڕاهێنانی سەربازیی و پڕچەک کردنی هێزەکانی ئەفغانستان، یارمەتیی ماڵیی زۆریان بە ئەفغانستان کردووە، بەڵام هێزەکانی ئەفغانستان تەنانەت شەڕێکی چووکەشیان لەگەڵ گرووپی تاڵیبان نەکرد و سەرۆککۆماری وڵاتەکەیان هەڵهات و خەڵکی ئەفغانستان بە چاوی خویان داگیرکردنی ئەفغانستانیان لەلایەن گرووپی تاڵیبانەوە بینی.
ناوبراو لە دڕێژەدا بە ئاماژە بەوەیکە مانەوەی زیاتری هێزەکانمان لە ئەفغانستان بە قازانجی ئەمریکا نەبووە وتی: ئێمە بۆ پێشگرتن لە هێرشە تێرۆریستییەکان بۆ سەر ئەمریکا ڕۆیشتوینەتە ئەفغانستان و ئێستا کە ئەو هێرشانە بۆ سەر ئەمریکا نەماوە پێویست ناکا هێزەکانمان لە ئەفغانستان بمێننەوە.
بایدێن لە کۆتایی کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا وتی: ئێمە بە شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تێرۆریزم و گرووپە تێرۆریستەکان لە ئەفغانستان و هەرشوێنێکی ئەم جیهانە درێژە دەدەین بەڵام نە لە ڕێگای شەڕی بەرەیی و زەوینییەوە بەڵکوو لە ڕێگەی هێزە ئاسمانییەکانمانەوە.