لە درێژەی پەیوەستبوونی ڕۆڵە ئازا و بوێرەکانی کورد بە جەرگەی خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان، دەورەی ٢٤٣ی سەرەتایی پێشمەرگە، لە فێرگەی پێگەیاندنی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا کۆتایی پێهات.
پاشنیوەڕۆی رۆژی دووشەممە ٨ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، ڕێوڕەسمی کۆتاییهاتنی دەورەی ٢٤٣ی سەرەتایی پیشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕێوەچوو.
ڕێوڕەسمەکە سەرەتا بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب، ڕێژەی پێشمەرگەکانی دەورە و چەند ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستیپێکرد و پاشان خاتوو “ئارەزوو نەستانی”، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەو بۆنەیەوە چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.
بەڕێز ئارەزوو نەستانی لە دەسپێکی وتەکانیدا وێڕای پیرۆزبایی لەو پۆلە لاوە نیشتمانپەروەرەی دەورەی ٢٤٣، بۆ لەبەرکردنی بەرگی پڕ لە شانازیی پێشمەرگایەتی، باسێکی تێروتەسەلی لەسەر کردەوە تێکدەرانەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە و تێرۆری چالاکانی سیاسیی کورد کرد و ڕوو بە بەشداربووانی دەرەوەی سەرەتایی پێشمەرگایەتی وتی: دەورەکەی ئێوە بە ناوی دەورەی “شەهید مووسا باباخانی” ناودێر کراوە، کە دەڵێین دەروەی شەهید مووسا، وەکوو تازەترین شەهیدی دەستی تێرۆری کۆماری ئیسلامی، ئەو ناولێنانە لەجێی خۆیدایە و کۆمەڵێک پەیام و واتا لەخۆدەگرێ.
بەڕێز نەستانی لە بەشێکی دیکەی باسەکەیدا، ئاماژەی بەوە کرد کە بۆچی شەهید مووسا و هاوڕێکانی دەبنە ئامانجی کردەوە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی، بۆچی ڕێبەرانمان لە دڵی دنیای دێموکراسیدا تێرۆر دەکرێن و بۆچی دەبێ قەڵای دێموکرات بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە بدرێتەوە بەر مووشەکی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی، ئەو پرسیارانە یەک وڵامیان هەیە ئەوەیش ئەوەیە کە حیزبی دێموکراتی کوردستان جێگە و پێگەی تایبەتی لەنێو دڵی خەڵکی کوردستاندا هەیە.
خاتوو ئارەزوو لە کۆتایی باسەکەیدا وتی: ئێمە ژیاندۆستین و نەفرەتمان لە مەرگ و شەڕ هەیە و ئاشتیمان دەوێ، بەڵام هاوکات ئێمە لەسەر وەدیهێنانی مافەکانمان سوورین، بۆیە لەو پێناوەدا هەموو ڕێگەیەکی ڕەوا دەگرینە بەر؛ کە ئێمە دەستمان داوەتە چەک، بۆ ئەوەی مێژوو شایەتیمان بۆ بدا نیشتمانەکان بە تەنیا جێ نەهێشتووە، بۆئەوەی بڵێین هەرگیز دانمان بە دیلی گەل و نیشتمانمان نەناوە، هەربۆیە ئیزن بە هیچ کەس نادەین کە لۆمەمان بکات لەسەر بەرگریی لە خۆمان و گەل و نیشتمانمان و بەهەر شیوەیەک بۆمان بلوێ بەرگری دەکەین، بە خەباتی چەکداریشەوە تا ئێستا ئەو گۆڕەپانەمان بۆ دوژمن چۆڵ نەکردووە ئەو چەکەی کە لە شانی ئێمەیە غرووری نەنەتەوەکەمانە و کەرامەتی ئینسانی نەتەوەییمانی پێ دەپارێزین.
ڕێوڕەسمەکە بە گۆرانی، سروود، خوێندنەوەی پەیامی بەشدارانی دەورە و ڕیزلێنان و بەخشینی خەڵات بە چەند پێشمەرگەیەکی دەورەکە درێژەی کێشا و بە هەڵپەڕکێ و شایی پێشمەرگانە کۆتاییهات.