خەڵکی کوردستان لە ژێر دەسەڵات و ناکارامەیی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دۆخی ژیانیان نالەبارە و بەشێک لە گوندەکانی ناوچەی سەقز بە دەست بێ ئاوییەوە دەناڵێنن.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی دووشەمە ٨ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، خەڵکی ئاواییەکانی “کوڵتەپەی جانگیرخان، بەرچەم، ئەسغەراوا، چۆمەڵوو، سەیداوا، خوشەدەرە و یازیبڵاخی”ـی ناوچەی فەیزوڵابەگی سەقز، ماوەی یەک حەوتوو دەبێ کە بێ ئاویی ژیانی پێ تاڵ کردوون و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیش لەو بارەوە هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە.
لە ئیستادا لە کوردستان بە گشتی و گوندەکانی ناوچەی سەقز بە تایبەتی ماوەی حەوتوویەکە ئاو دەست ناکەوێ و هاووڵاتییان داوایان لە بەرپرسانی پێوەندیدار بەو کێشەیە کردووە کە بۆیان چارەسەر بکەن، کەچی تا ئێستا هیچ ئاوڕێکیان لێنەدراوەتەوە.
شایانی باسە کە، کۆماری ئیسلامیی هەموو سەرچاوە ئاوییەکانی کوردستانی گواستووەتەوە بۆ شارەکانی دیکەی ئێران و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەیکە لە کوردستان قەیرانی کەمئاویی دروست بێ.