لە سەرەتای بڵاوبوونەوە و پەرەسەندنی کۆرونا زیاتر لە هەزاران قوتابی لە پارێزگای ورمێ، بەهۆی نەبوونی کەرەستەی پێویست لە خوێندن بێبەش بوون.
محەممەدڕەزا سەیفی بەڕێوەبەری گشتیی ژووری گەشەسەندنی ڕاهێنانی پارێزگای ورمێ: لەسەرەتای بڵاوبوونەوە و پەرەسەندنی کۆرونا زیاتر لە ۷هەزار قوتابی عەشایریی بەهۆی نەبوونی پێداویستی و دەستپێڕاگەیشتن بە کەرەستەی خوێندن بەشێوەی ئانلاین لە خوێندن دوا کەوتوون.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە تەنیا لە پارێزگای ورمێ ۳۲ هەزار قوتابی سەر بەو خێڵە عەشایر و کۆچەریانن و بەشێکی بەرچاو لەو قوتابیانەی کە لە خوێندن جێماون کچانی قوتابین بەهۆی هەژاری نربوونی توانای کڕینی کتێب لە قوتابخانەدا ناونووسینان نەکردووە.
جێی ئاماژەیە کە لەگەڵ پەرەسەندنی کۆرونا و خوێندن لە ڕێگای ئانلاینەوە لە ئێران، تاکوو ئێستا بە هەزاران قوتابی بەهۆی نەبوونی کەرەستەی پێویست بۆ خوێندن و هەژاریی بنەماڵەکان وازیان لە قوتابخانە هێناوە و ناوەندە پێوەندیدارەکانیش بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە هیچ هەنگاوێکیان نەناوە.