وەزارەتی دەرەوەی ڕیژیمی ئێران، هەناردەکردنی سووتەمەنیی بۆ “لوبنان”ـی بە بڕیارێکی دروستی حکوومەت دەزانێ، ئەوە لە حاڵێکدایە ئێران لەژێر گوشاری گەمارۆی هەناردە کردنی نەوت و سووتەمەنییە لەلایەن ئەمریکاوە.
ڕۆژی دووشەممە ٨ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، “سەعید خەتیبزادە” وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، لە کۆبوونەوەی حەوتووانەی خۆی لەگەڵ هەواڵنیران، باسی ئەوەی کردووە کە کۆماری ئیسلامی مافی خۆیەتی سووتەمەنی بۆ لوبنان هەناردە بکا و بڕیاری هەناردە کردنی سووتەمەنیی بۆ ئەو وڵاتە بڕیارێکی حکوومەتییە، هەروەها وتی: نە ئەمریکا و نە هیچ وڵاتێکی دیکە لەسەرووی یاساوە نین کە بیانهەوێ پێش بە بازرگانیی ڕەوای ئێمە بگرن.
ناوبراو لە حاڵێکدا کە پێیوایە ئەو بابەتە بازرگانییەکی ڕەوایە و بەپێی یاسای نێونەتەوەی نابێ ڕێگەی پێنەدرێ.
خەتیبی لە حاڵێکدا ئەو قسانە دەکا کە ڕێژیمی ئێران لە بارەی هەناردەکردنی نەوت و سووتەمەنییەوە لەلایەن ئەمریکا لە ژێر گوشاری گەمارۆدایە و ناتوانێ بەهیچ شێوەیەک سووتەمەنی بۆ وڵاتی لوبنان هەناردە بکات.