دوو کچی خەڵکی جوانڕۆ کە حەوتووی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا دەسبەسەر و دواتر ئازاد کرابوون، بانگی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری جوانڕۆ کران و لێپرسینەوەیان لێکرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٧ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، سۆنیا کەریمی و پەریا فەتحی هەر دوو تەمەن ١٤ ساڵان لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری “جوانڕۆ”وە بانگ کراون و لە کاتژمێر ٨ی بەیانی تا ١ی دوانیوەڕۆ بۆ ماوەی ٥ کاتژمێر لەو ناوەندە ئیتلاعاتییە لە ژێر لێپرسینەوەدا بوون.
بەشێک لە ئەندامانی بنەماڵەی ئەم دوو مێرمنداڵە تەمەن ١٤ ساڵانە هاوکات بانگهێشتی ئیتلاعات کراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراوە.
یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ئەم دوو کچە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بێت ڕایگەیاند” ئیدارەی ئیتلاعات هەڕەشەیان لە بنەماڵەی سۆنیا و پەریا کردوە کە بە هیچ شێوەیەک مافی وتووێژ لەگەڵ میدیاکانیان نیە و ئەگەر هەر زانیارییەک بڵاو بێتەوە هەڵسووکەوتی تووندیان لەگەڵ دەکرێت”.
ئەو سەرچاوە لە درێژەدا ڕایگەیاند، ئیدارەی ئیتلاعات هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەم دوو کچەی، لایەنگری لە حیزبێکی کوردستانیی دژبەری حکوومەتی ئێران ڕاگەیاندووە.
جێگای ئاماژەیە کە سپای پاسداران گوشاری خستووەتە سەر بنەماڵەی تارا ئەحمەدی ئەو کچەی کە دوای ئازادی هەوڵی خۆکوشتنی دابوو و داوای لێیان کردووە کە بڵێین سپا هیچ ڕۆڵێکی لە دەسبەسەرکردنی ئەم سێ مێرمنداڵە نەبووە و دوای ئەوەی ئەم کچانە ون بوون و بنەماڵەکان هێزە ئینتزامییەکانیان ئاگادار کردووەتەوە، کەڵانتەری توانیویەتی بیاندۆزێتەوە و ڕادەستی بنەماڵەکانیان بکاتەوە.