پاش هێرشی فڕۆکەشەڕکەرەکانی هێزی هاوپەیمان و تۆپخانەی ئەرتەشی یاسایی یەمەن بۆ سەر مۆڵگەی میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژاوای مەرئەب، ٢٣کەس لە میلیشیا حووسییەکان کوژران.
سەرچاوە سەربازییەکانی ئەرتەشی یاسایی یەمەن ڕۆژی دووشەممە ٨ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە ڕاپۆرتێکدا ڕایانگەیاند کە لە ئاکامی هێرشێکی هاوبەشی هێزەکانی هاوپەیمان وئەرتەشی یەمەن بۆ سەر میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە بەرەی شەڕی ئەلکەسارە هەڵکەوتوو لە ڕۆژاوای مەرئەب ٢٣ میلیشیای حووسی کوژران.
ئەم سەرچاوە سەربازییە پاش پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاند کە لە ئاکامی ئەو هێرشەدا ٣ ماشینی سەربازیی و ٣ تانکی زرێهی بە تەواوەتی ئاگریان تێبەردراوە و هەروەها مۆڵگەکانی میلیشیا حووسییەکان خەسارێکی قورسی وەبەر کەوتووە.
جێگە ئاماژەیە کە سەرەڕای هەوڵەکانی کۆمەڵگەی جیهانیی بۆ کۆتایی هێنانی شەڕ لە یەمەن، میلیشیا حووسییەکانی یەمەن بە پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران و بۆ ئەوەیکە بۆ خویان لە یەمەن بگەن بە دەسەڵات چەندین مانگە بەردەوام لە پارێزگای مەرئەب شەڕ دەکەن و بەهۆی ئەو شەڕەوە بە هەزاران کەس لە خەڵکی یەمەن ئاوارە بوون.