ئێران و گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سووریە، سەرەڕای ئەوەیکە ١٠ساڵە بە درێژەدانی شەڕ و کوشتنی خەڵکی سووریە بۆ پشتیوانیی لە ڕێژیمی بەشار ئەسەد و لە درێژەی دەستێوەردانەکانیان و دزەکردنی بەربڵاوی خویان دەستیان بە سەر ماڵ و مڵک و خانووەکانی ناوچەی دەمیشقدا گرتووە.
بەپێی ڕاپۆرتی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە کە ڕۆژی دووشەممە ٨ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی بڵاوکراوەتەوە، گرووپی میلیشیای حیزبوڵای لوبنانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بە کڕینی زەوین و خانووبەرە لە نزیک سنووری سووریە و لوبنان و بە تایبەتی لە ناوچەی دەمیشق لە هەوڵی ئەوەدایە کە زیاتر دزە بکاتە نێو سووریە و هێژمۆنی خوی لەو وڵاتە بسەپێنێ.
ئەم ڕێکخراوە مافی مرۆییە لە بەشێک لە ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێ: هەوڵەکانی حیزبوڵای لوبنان بەشێکە لە پڕۆژە و پیلانی داگیرکردن و دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران و دەسەڵاتی میلیشیاکانی سەر بەو ڕێژیمە لە سووریەدا و گرووپە میلیشیاکان بەکڕینی خانووبەرە و زەوینی کشتوکاڵی ئەو ناوچەیە بە زۆری دەیانهەوێت پەرە بە دەسەڵاتی خویان لە سووریە بدەن.