لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، نەک تەنیا پێکوتەی کۆرۆنا بوونی نییە، بەڵکوو ئەو پێکوتەیەش کە هەیە بە ناوی “سینو فارم”ـی “وۆهان”ـی وڵاتی چین مەترسیدارە.
لە زۆربەی پاریزگا و شارەکانی ئێران ڕۆژانە ئاماری چاوەڕواننەکراوی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە پەتای کۆرۆنا بڵاو دەبێتەوە و زۆربەی قەبرستانەکان جێگەیان نەماوە بۆ ئەوەی گیانلەدەستدراوانی کۆرۆنای تێدا بنێژرێن.
هەروەها بەپێی گرتە ڤیدیۆیەک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەتەوە قەرەباڵغییەکی زۆر دروست بووە و هەمووی لە ڕیزی وەرگرتنی قەبردان بۆ ناشتنی تەرمی گیانلەدەستدراوانی کۆرۆنا.
سەرۆکی گۆڕستانەکانی “ئەهواز” ڕایگەیاند کە، ئاماری ڕۆژانەی ئەو کەسانەی کە گیان لەدەستدەدەن، سێ هێندەی ڕابردووە و ناشتنی ئەو تەرمانە بەو ژمارە زۆرەی کە لە هەڵکشاندایە، کێشەیەکی گەورەی دروست کردووە، هەروەها وتیشی: ڕۆژانە بەشێوەی مامناوەند زیاتر لە ٦٠تەرم لە گۆڕستانی ئەهواز دەنێژرێن.
هەروەها سەرۆکی نیزام پزیشکی پارێزگای مازەندەران ڕایگەیاند: ژمارەی تووشبوانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکانی ئەو پارێزگایە هەڵکشاوە بۆ سەرووی زیاتر لە ١٤٠٠کەس، تەنیا لە ماوەی ٢٤کاتژمێردا ٢٤کەس بەهۆی پەتای کۆرۆناوە لەو پاریزگایە گیانیان لە دەستداوە.