لەگەڵ دەسبەسەر کردنی کۆمەڵێک پارێز بەهۆی ڕەخنەگرتن لە عەلی خامنەیی سەبارەت بە کۆنتڕۆڵ نەکردنی کۆرۆنا چالاکانی سێنفی، خوێندکاری، سیاسی و مەدەنی، پشتیوانیی خۆیان لەو پارێزەرانە دەربڕی و خوازیاری ئازاد کردنیان بوون.
بەدوای دەسبەسەر کردنی کۆمەڵێک لە پارێزەرانی دادگوستەری و چالاکانی مەدەنی لە تاران، ٥٧٥ کەس لە چالاکانی سێنفی مامۆستایان، چالاکانی خوێندکاری، مەدەنی و سیاسی بە بڵاوکردنەوە بەیاننامەیەک وێڕای مەحکوومکردنی هەر چەشنە هەڵسووکەوتێکی قەزایی و ڕەخنەگرتن لەو تۆمەتەی وەپاڵ ئەو پارێزەرانە دراوە، پشتیوانیی تەواو و لێبڕاوانەی خۆیان ڕاگەیاند و خوازیاری ئازادی خێرا و بەبێمەرجی ئەو پارێزەرانە بوون.
لە بەشێک لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە بە بڕیاری قەدەغەکردنی واکسێنی ئامریکایی و ئینگلیسی لەلایەن خامنەییەوە و گوێڕایەڵی وەزیری تەندروستی و پشتیوانیی ٢٠٠ کەس لە نوێنەرانی مەجلیس لەو بڕیارە، ئێمەش خوازیاری ڕووبەڕووبوونەوەی یاسایی و قەزایین لە ناوەندە پێوەندیدارەکان لەگەڵ تاوانباران و ئەو کەسانەی بەهۆی ناکارامەیی خۆیانەوە بوون بەهۆی گیان لەدەستدانی سەدان هەزار کەس کە بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لە دەستداوە. شایانی باسە کە ڕۆژی ٩ی گەلاوێژ، ٩ کەس لە پارێزەر و چالاکانی مەدەنی لەڕەوتی بەڕێوەبردنی دانیشتنێک لە ئەنجومەنی پشتیوانی لە مافی شارۆمەندی و بەهۆی ڕەخنەگرتن لە ناکارامەیی ڕێژیم لە کۆنتڕۆڵکردنی کۆرۆنا، لە تاران دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوازران.