سوپای پاسداران بە دروستکردنی بەنداوی کانی سێو و گواستنەوەی ئاوی زێی بچووک بۆ گۆلی ورمێ، ژینگەی کوردستانی کاول کرد و خەڵکی شاری ڕەبەتی تینوو کرد.
ماوەی چوار ڕۆژە خەڵکی شاری ڕەبەت ئاوی خواردنەوەیان نییە و بەو هۆیەوە ڕۆژی یەکشەممە ٧ی خەرمانان، بەشێک لە خەڵکی ناڕازیی و وەزاڵەهاتووی ئەو شارە لە بەردەم شارەداریی ئەو شارە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.
شایانی باسە کە سەرەڕای ئاگادارکردنەوەی پسپۆڕانی ژینگەیی و ناڕەزایەتی خەڵکی شارەکانی ڕەبەت و پیرانشار و بەڕێوەبردنی چەندین خۆپیشاندان، سپای تێرۆریستیی پاسداران بەردەوامیی بە پڕۆژەکانی دەدا و وێڕای گۆڕینی دیموگرافی ناوچەکە، زەوی کشتوکاڵی و شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکە ڕەسەنەکانی بردووەتە ژێر ئاو.
جێی ئاماژەیە کە سپای پاسداران لەلایەک ئاوی ناوچە کوردستانییەکانی بۆ شوێنیەکانی دیکە گواستووەتەوە و لەلایەکی دیکە زەوی و زاری خەڵکی کوردستانی ویشک کردووە و خەڵکی کوردستانی ناچار کردووە زێدی باب و باپیرانیان بەجێبێهێڵن و ئێستاش تینوویانی کردووە و لە بەهەشتی ئاو و سەوزایی، بەشیان بۆتە وشکایی و ئاگری دارستانەکان.