زیاتر لە ١٠٠کەس لە چالاکانی سیاسی، مەدەنی و مافی مرۆڤ لە نامەیەکدا بۆ بەرپرسانی دەزگای قەزایی ڕێژیم خوازیاری هەڵوەشانەوەی حوکمی لە سێدارەدانی حەیدەر قوربانی چالاکی سیاسیی کوردی خەڵکی کامیاران بوون.
لەگەڵ ڕەتکردنەوەی داوای پێداچوونەوە بە دۆسیەی حەیدەر قوربانی، لە دیوانی بەرزی ڕێژیم و ئەگەری جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانی ناوبراو، کۆمەلێک لەو چالاکانە بە نووسینی نامەیەک ڕووبە بەرپرسانی دەزگای قەزایی، داواکاری هەڵوەشانەوەی حوکمی لە سێدارەدانی ناوبراو بوون.
نووسەرانی ئەو نامەیە: مافی ژیان سەرەکیترین و سرووشتیترین مافی هەر مرۆڤێکە و لە هەموو باوەڕ و ئایینەکاندا جێگەوپێگەی تایبەتی هەیە.
مافی ژیان شتێکە کە نابێ بە بنەما و بنەڕەتەکەی تێکبدرێ و کەس بۆی نییە مافی ژیان لە مرۆڤەکان بگرێتەوە، کۆمەڵگەی ئێمە لەو ڕۆژە دژوارانەدا زیاتر لە هەر شتێک پێویستی بە هێمنی و ڕیزگرتن لە مافەکانی یەکتری هەیە.
ئیمە وەک بەشێک لە چالاکانی مەدەنی و مافی مرۆڤ و هەموو مرۆڤدۆستان و باوەڕمەندانی مافی مرۆڤ، داوا لە بەرپرسانی دەزگای قەزایی دەکەین کە مافی ژیان لە حەیدەر قوربانی نەستێنن و بە هەڵوەشاندنەوەی حوکمی لە سێدارەدانی ناوبراو، هیوا بخەنە نێو دڵی ئەو بنەماڵەیە و لەو دۆخە سەخت و دژوارە ڕزگاریان بکەین.
شایانی باسە کە چەند ڕۆژ پێش خەڵکی کامیاران بە نووسینی نامەیەکی سەرئاوەڵا داوای هەڵوەشاندنەوەی حوکمی ئێعدامی” حەیدەر قوربانی”یان کردبوو.