غوڵامڕەزا مەسباحی موقەددەم: بابەتی بەرجامی دووهەم و سێهەم بابەتێکە کە پێوەندی بە چەکوچۆڵ و هەبوونی ئێمە لە ناوچەکەدا هەیە و بابەتی پشتیوانی لە حیزبوڵای لوبنان، فەلەستین و یەمەنە، ئەمانەس بە بڕوای عەلی خامنەیی هێڵی سوورن و ڕێککەوتنیان لەسەر ناکەین.
لە دژکردەوە بە بانگهێشتی دەوڵەتانی زلهێزی جیهان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ گەڕانەوەی بۆ بەرجام و دانوستاندن لەسەر ڕێککەوتنگەلێکی نوێ لەبارەی بەرنامەکانی ناوکیی، مووشەکی و هەڵسوکەوتە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە، “غوڵامڕەزا مەسباحی” ئەندامی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم وتی: ڕێککەوتنی دووهەم و سێهەم لە ئارادا نییە، لەبەر ئەوەی سیاسەتی ڕێککەوتنی ناوکیی، عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی دایڕشتووە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی “ئیسنا” مەسباحی موقەددەم باسی لەوە کرد کە عەلی خامنەیی بەرجامی دووهەم و سێهەمی لە دەورانی سەرۆککۆماریی حەسەن ڕۆحانیدا ڕاگرت و ڕێگەی نەدا کە ڕێککەوتن لەسەر چەکوچۆڵ و هاوکاریی کردنی حیزبوڵڵای لوبنان، فەلەستین و یەمەن بکرێ، هەروەها وتیشی سیاسەتی خامنەیی وایە کە بابەتی گرینگی ئێمە بوونی سەربازیی ئێمەیە لە ناوچەکە و هاوکاریکردنی هاوپەیمانانمان، هەر بۆیە ئەو بڕیارە بە بۆچوونی ناوبراو بەهیچ شێوەیەک دانوستانی لەسەر ناکرێ.