ڕۆژنامەی واڵستریت ژۆرناڵ لە راپۆرتێکدا دەڵێ: ئەمریکا و کۆمەڵگەی جیهانیی بە ئەگەری زۆر لە نێوان دوو گرووپی ئیسلامیی توندڕەودا گرووپی تاڵیبان بە فەرمیی دەناسن.
ڕۆژنامەی واڵستریت ژۆرناڵ، ڕۆژی هەینی ٥ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە ڕاپۆرتێکدا بە ئاماژە بە تەقینەوەکانی ڕۆژی پێنجشەممەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کابول کە زیاتر لە ١٢٠کەس کوژران و پاشان گرووپی ئیسلامیی توندڕەوی داعش ئەو تەقینەوانەی لە ئەستۆگرت، نووسی: ئەمریکا و کۆمەڵگەی جیهانیی لە نێوان دوو گرووپی ئیسلامیی توندڕەو” تاڵیبان و داعش” داعش بە مەترسییەکی گەورەتر بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەزانن و بە ئەگەری زۆر وڵاتانی زلهێز لە ترسی خراپتریندا پەنا بۆ خراپ دەبەن و بە خێراترین کات حکوومەتی تاڵیبان بە فەرمیی لە ئەفغانستاندا دەناسێنن.
لەبەشێکی دیکەی ئەم راپۆرتەدا هاتووە کە گرووپی تاڵیبان و گرووپی داعش بەهۆی ئەوەیکە ئامانجیان لە یەکتر جیاوازە، بەردەوام پێکەوە کێشەیان هەیە، گرووپی تاڵیبان تەنیا دەیهەویت لە ئەفغانستاندا حکوومەت بکا، بەڵام گرووپی توندڕەوی داعش دەیهەوێت حکوومەتی ئیسلامیی لە هەموو جیهان بەڕێوە ببا، هەر بۆیە ئەم دوو گرووپە لە کاتی سەرهەڵدانی دەوڵەتی ئیسلامیی”داعش”وە بەردەوام لە ئەفغانستان پێکەوە کێشەیان هەبووە.
هەرلەم پێوەندییەدا بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بە ڕۆژنامەی” واڵستریت ژۆرناڵ”یان ڕاگەیاندووە کە بەهۆی پشتیوانییەکانی ئەمریکا وهێزەکانی هاوپەیمان لە گرووپی تاڵیبان ئەم گرووپە تا ئێستا براوەی شەڕی دەسەڵات لەگەڵ داعش بووە.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەی ئەم ڕۆژنامەیەدا هاتووە کە سەرهەڵدانەوەی گرووپی داعش وەکوو هەڕەشەیەکی نوێی جیهانیی، جێگە و پێگەی گرووپی تاڵیبانی لە نێو کۆمەڵگەی جیهانیدا باشتر کردووە و ئەمریکا و وڵاتانی دیکە کە گرووپی داعش بە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر خۆیان دەزانن هاندەدا بۆ پشتیوانیکردن لە گرووپی تاڵیبان و بەفەرمیی ناسینی حکوومەتی ئەو گرووپە لە ئەفغانستان.