جۆبایدێن و نەفتالی بێنێت دەڵێن: ئەگەر وتووێژەکان لەگەڵ ئێران بە ئاکام نەگا و ڕووبەڕووی شکست ببێتەوە، ئەوە ڕێگایەکی دیکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێژیمی ئێران دەگرینەبەر.
جۆبایدێن سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕۆژی هەینی ٥ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ نەفتالی بێنێت، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی بەئاماژە بە ڕاپۆرتە نوێیەکەی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی لە هەمبەر خێراترکردنی پڕۆسەی پیتاندنی ئۆرانیۆم لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە بۆ دەسپێڕاگەیشتنی ئەو وڵاتە بە چەکی ناوکیی وتی: ئێمە ئیزن نادەین هیچ کات ئێران دەستی بە چەکیی ناوکیی ڕابگا.
سەرۆککۆماری ئەمریکا لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاند کە ئێمە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، گەڵاڵە و پلانێکی هاوبەشمان لەهەمبەر بەرنامەی ناوکیی ئێران ئامادەکردووە و جەختی لەسەر ئەوەش کردۆتەوە کە ئێران هیچ کات نابێ بە خاوەنی چەکی کۆمەڵکوژ.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە دەمانهەوێت لە ڕێگەی وتووێژ و دیپلۆماسییەوە چارەسەر بۆ بەرنامەی ناوکیی ئێران ببینینەوە بەڵام ئەگەر وتووێژەکانمان بێ ئاکام مانەوە و نەگەیشتین بە ڕێککەوتن، ئەو ناچارین پلانێکی دیکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێژیمی ئێران هەڵبژێرین.