ئیبراهیم ڕەئیسی لە یەکەمین ڕۆژی دەسبەکاربوونیدا لەگەڵ چەندین وەزیری کابینەکەیدا سەردانی پارێزگای خووزستانی کرد.
ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ڕیژیمی ئێران، ڕۆژی هەینی ٥ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە کاتێکدا سەردانی پارێزگای خووزستان دەکا کە لە ماوەی ڕابردوودا، ناڕەزایەتییەکان لەو پارێزگایە لەهەمبەر کەمیی ئاوی خواردنەوە، ویشککردنی تاڵاوەکان، هەڵاواردنی سیستماتیک لە لایەن دەسەڵاتەوە گەیشتبووە لوتکە وخامنەیی و ئیبراهیم ڕەئیسی ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی خەڵکی ئەو پارێزگایە و زۆربەی شارەکانی ئێران بووەوە.
سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران، وەکوو سەرۆککۆمارەکانی پێشووتر ، کۆمەڵێک بەڵێنی درۆ و پڕ لە چەواشەکاریی بە خەڵکی ئەو پارێزگایە داوە، وەکوو گەشەکردنی پیشەیی، کشتوکاڵی و جووتیاریی، چارەسەرکردنی بەشێکی زۆر لە کێشەی خەڵکی بێکاری ئەو پارێزگایە ، بەڵام بەهۆی گەمارۆ ئابوورییەکان و دزی و گەندەڵی بەرپرسانی حکوومەتی و نەبوونی هیچ بەرنامە و پلانێک بۆ چارەسەرکردنی هەژاری و بێکاری، باشتربوونی بارودۆخی گوزەرانی خەڵکی ئێران چاوەڕواننەکراوە.
لە کاردانەوە بە سەفەرەکەی ڕەئیسی بۆ پارێزگای خووزستان، مەجید ناسری نەژاد نوێنەری ڕێژیم لە مەجلیس بە ڕەخنەگرتن لە سەرۆککۆمار وتی: ئەو سەفەرە کورت و یەک ڕۆژەییانە کێشەی ئەو پارێزگایە چارەسەرناکا و کێشەکان پێویستیان بە چارەسەری بنەڕەتییە.