وەزیری بەرگریی ئەمریکا دەڵێ: ڕێژیمی ئێران دەبێ لەهەمبەر دەستـدرێژییەکانی لە ئاوە نێونەتەوەییەکاندا وڵامدەر بێ.
لوید ئاستین، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، رۆژی چوارشەممە ٣ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ “نەفتالی بێنێت” سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە ئەمریکا، سەرەڕای ئاماژە بە دەستـدرێژییەاکنی رێژیمی ئێران لە ناوچەکە وتی: وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا پێبەند دەبێ بە بەڵێنەکانی بۆ پاراستنی سەروەریی ئیسرائیل لەهەمبەر هەڕەشەی ڕێژیمی ئێران وگرووپە میلیشیاکانی ئەو ڕێژیمە بۆ سەر ئیسرائیل و بە مافی ڕەوای ئیسرائیلی دەزانێ کە بەرگریی لە وڵاتەکەی و هاووڵاتییانی ئیسرائیل بکا.
وەزیری بەرگریی ئەمریکا بەئاماژە بە هەوڵە تێکدەرانەکانی رێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا و بردنەسەر ئاستی پیتاندنی ئۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە وتی: ئێمە پێوەندییەکی باشی ئیستراتیژیکیمان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە و بەردەوامین لە هاوکارییەکانمان لەگەڵ ئەو وڵاتە و باڵادەستیی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا دەپارێزین.