کارناسێکی ئێسرائیلی لەهەمبەر دزەکردنی سپای قودسی ڕێژیمی ئێران لە ئەفریقا هوشداری دەدا و دەڵێ: دەستێوەردانەکانی سپای قودسی ڕێژیمی ئێران لە ئەفریقا، هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی نێونەتەوەیی.
ئەلێکساندێر گرینبێرگ، کارناس و شڕۆڤەکاری سیاسیی ئیسرائیل، ڕۆژی چوارشەممە٣ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە بابەتێکدا لە ژێرناوی” مەترسیی سپای قودس” بەئاماژە بەوەیکە سپای قودسی ڕێژیمی ئێران، دزەی کردووەتە ئەفریقا نووسیوویە: یەکەی ٤٠٠ی هێزی سپای قودسی ڕێژیمی ئێران و حیزبوڵای لوبنان لە ئەفریقای ناوەندیی سەرقاڵی ئەندامگیری و ڕاهێنانی خەڵکی ئەو قاڕەیەن بۆ دروستکردنی گرووپێکی چەکدار بەناوی”سەرای زەهرا” و ڕێژیمی ئێران دەیهەوێت گرووپگەلێکی میلیشیا لە وڵاتانی کامێرۆن، غەنا، نیجێریە و کۆماری دێموکراتیکی کۆنگۆ درووست بکا.
بەوتەی ئەم کارناسە ئیسرائیلییە شێوەی کاری ڕێژیمی ئێران بۆ دزەکردن لە وڵاتانی ئەفریقایی و جێبەجێکردنی پلانە تێرۆریستییەکانی بەمجۆرەیە کە لە ڕێگای دامەزراندنی ناوەندی دیپلۆماتیک و ناوەندە ئایینیی وفەرهەنگییەکانەوە چالاکییە تێرۆریستییە شاراوەکانی سپای قودسی ڕێژیمی ئێران بەڕێوەدەبەن.
هەرلەم پێوەندییەدا ڕێکخراوە ئەمنییەتییەکانی وڵاتی ئێتیۆپی، مانگی ڕابردوو، ڕێکخراوێکی تێروریستیی سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، کە کاریان تەنیا کۆکردنەوەی زانیاریی لەسەر باڵوێزخانەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێماراتی یەکگرتووی عەرەبیی بوو لە نێو بردووە.
گرینبێرگ لە کۆتایی وتارەکەیدا دەڵێ: جێگیربوونی هێزەکانی سپای قودسی ڕێژیمی ئێران لە قاڕەی ئەفریقا،هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر ئاسایشی نێونەتەوەیی بە تایبەتی بۆ ئورووپا و دەبێ پێش لە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران بگیردرێ.