کۆمیسێری باڵای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ: گرووپی تاڵیبان مافی مرۆڤ لە ئەفغانستان پێشێل دەکەن و تەنانەت ئەو سەربازانەش کە خویان ڕادەستی تاڵیبان دەکەن ئێعدام دەکرێن.
میشل باشێلە، کۆمیسێری باڵای مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی چوارشەممە ٣ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە ڕاپۆرتێکدا بۆ شۆرای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: گرووپی تاڵیبان، سەربازان و هاووڵاتیانی ئەفغانی کە خویان ڕادەستی چەکدارەکانی گرووپی تاڵیبان دەکەنەوە ئێعدام دەکا.
لەلایەکی دیکەوە کارناسانی سەربەخۆی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاندوە کە گرووپی تاڵیبان ماڵ بە ماڵ لە ئەفغانستاندا دەگەڕێ و دژبەرانی خوی دەبینێتەوە و ئازاریان دەدا و هەروەها ئەو کارانەی گرووپی تاڵیبان لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا دەبێ وەکوو جینایەتی شەڕ و جینایەت بەدژی مرۆڤایەتی بە ئەژمار بێ.