لەکاردانەوە بە بردنەسەری ئاستی پیتاندنی ئۆرانیۆم کە لە ڕاپۆرتە نوێیەکەی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی ئاماژەی پێکراوە، ئیسرائیل داوای لە کۆمەڵگەی جیهانیی کردووە کە گەڵاڵە و پلانێکیان بۆ پێشگرتن لە سەرەڕۆییەکانی ئێران و دەسپێڕاگەیشتنی ئەو وڵاتە بە چەکی ناوکیی هەبێ.
بێنی گانتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە ٣ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە وتووێژێکی تەلەڤیزیۆنیدا ڕوو لە٦٠ باڵوێزی بیانی وتی: ئێمە بۆ پێشگرتن لە دەسپێڕاگەیشتنی ڕێژیمی ئێران بە چەکی ناوکیی، وەکوو پێشوو ناچار دەبین کە بەدژی ڕێژیمی ئێران چالاکیی سەربازیی بکەین، بۆیە داوا لە کۆمەڵگەی جیهانیی دەکەین بە کۆدەنگیی پلانێک بەدژی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران دابڕێژین و پێش لە دەسپێڕاگەیشتنی ئەو ڕێژیمە بە چەکی ناوکیی بگرین.
ناوبراو بەئاماژە بەوەیکە ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای گرووپە میلیشیاکانیەوە بەردەوامە لە هەوڵدان بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە و هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر ئاشتیی جیهانیی، وتی: ئێران تەنیا دوو مانگ کاتی دەوێ کە دەستی بە کەرەستەی تایبەت بۆ بەرهەمهێنانی بۆمبی ناوکیی ڕابگا.
هەرلەم پێوەنییەدا سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە ئیسرائیل درێژە بە هێرشە شاراوەکانی خوی بەدژی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران دەدا و هەموو هەوڵێک دەدا کە ئەمریکا نەگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ئەو ڕێژیمە.