هاوکات لەگەڵ سەرقاڵبوونی ئەمریکا بە ئەفغانستانەوە، تورکیە هێرشەکانی لە دژی ڕۆژاوا و باشووری کوردستان چڕ کردۆتەوە.
گۆڤاری ئەمریکایی واشینگتۆن ئیگزامینێر لە ڕاپۆرتێکدا دەنووسێ: حکومەتی تورکیە لە کاتێکدا کە ئەمریکا گیرۆدەی پرسی کشانەوەی لە ئەفغانستانە هێرشەکانی لە دژی ڕۆژاوا و باشووری کوردستان زیاتر کردۆتەوە.
بەپیی ڕاپۆرتی ئەو گۆڤارە، هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیە بۆسەر هێزەکانی سووریەی دێموکراتیک، بەشێوەیێکی کەم وێنە لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریە کە تەنانەت هێزەکانی حکومەتی بەشار ئەسەد و ئەمریکا و ڕووسیەش لەوێن، زیادیکردووە.
گۆڤاری واشینگتۆن ئیگزامینێر پێی وایە زیادبوونی هێرشەکانی تورکیە بۆسەر باشوور و ڕۆژاوای کوردستان کە قوربانیی سڤیلیشی لێکەوتۆتەوە، دەرکەوتەی کشانەوەی ئەمریکایە لە ئەفغانستان.
گۆڤارەکە هۆشداریی داوە کە تورکیە، سەرقاڵبوونی ئەمریکای بە پرسی کشانەوە لە ناوچە ناکۆکەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی لە عێراق و سووریە قۆستووەتەوە کە زیاتربوونی هێرشە دڕۆنییەکان نموونەی بەرچاوی ئەو ڕووداوەیە.