کاردانەوە جیهانییەکان لەهەمبەر بڵاوبوونەوەی گرتەڤیدیۆکانی بەندیخانەی ئیڤینی تاران کە باس لە جینایەت و ئەشکەنجەی بەندکراوان بەدەستی هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئێران دەکا ڕوو لە زیادبوونە.
دەفتەری دێموکراسی و مافی مرۆڤی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە ٣ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، سەرەڕای ئاماژە بە بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆکانی بەندیخانەی ئیڤینی تاران و ئەشکەنجەی ئاشکرای بەندکراوان ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران بە ئاشکرا جینایەت بەدژی بەندکراوان لە ڕیگەی ئەشکەنجەی قورسەوە بەڕێوە دەبا، بۆیە ئێمە داوا لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دەکەین بە زووترین کات بەندکراوانی سیاسیی لە بەندیخانەکان ئازاد بکەن.
ئەم قسانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پاش ئەوە کراوە کە ڕۆژی یەکشەممە گرووپی سایبێری” عەداڵەتی عەلی” لە چەندین قۆناغدا بە بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆگەلێک لە بەندیخانەی ئێڤین پەردەی لە سەر جینایەتەکانی رێژیمی ئێرانیان لە بەندیخانەکان لادا و پاش بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆکان، کاردانەوە جیهانییەکان لەهەمبەر ئەو جینایەتە ڕوو لە زیادبوونە .
هەرلەم پێوەندییەدا ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕایگەیاندووە کە پیشێلکردنی مافی بەندکراوانی سیاسیی ومەدەنیی لە بەندیخانەکانی ئێران لەلایەن بەرپرسانی ئەمنییەتی بەندیخانەکانەوە حاشاهەڵنەگرە و دەبێ کۆمەڵگەی جیهانیی وڵامێکی توند و کاردانەوەیەکی خێرای لەهەمبەر ئەم جینایەتەی ڕێژیمی ئیران هەبێ.