ڕۆژنامەی جەوان کە نزیک لە سپای پاسدارانی رێژیمی ئێرانە، لە زاری پزیشکێکی مامۆستای زانکۆی پزیشکیی تاران لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە ئاماری گیان لەدەستدان بەهۆی پەتای کۆرۆناوە ٧ هێندەی ئەو ئامارانەیە کە لە ڕاگەیاندنەکانی ئێرانەوە بڵاو دەبێتەوە.
ڕۆژنامەی جەوان، ڕۆژی سێشەممە ٢ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە زاری دوکتور کوورووش هەلاکوویی، مامۆستای نەخۆشییە گوازراوەکانی زانکۆی پزیشکیی تاران، ڕایگەیاند کە بەهۆی تەشەنەسەندنی شەپۆلی نوێی پەتای کۆرۆناوە ڕۆژانە زیاتر لە هەزار کەس گیانیان لەدەست دەدن، کەچی بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران ئاماری ناڕاست بڵاو دەکەنەوە.
دوکتور کوورووش، بە ئاماژە بە لێکۆڵینەوەکانیان لەهەمبەر گیان لەدەستدان بەهۆی پەتای کۆرۆناوە لە ئێران وتی: بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان کە لە ناوەندە تەندروستییەکانەوە بە دەستمان دەگەن زۆر بە ئاسانی بۆمان دەردەکەوێ کە ئەو ئامارانەی کە وەزارەتی تەندروستی بڵاوی دەکاتەوە، دوورە لە ڕاستیی و ئاماری گیان لەدەستدان لە ئێراندا ٧ هێندەی ئامارە فەرمییەکانە.
ڕۆژنامەی جەوان، هەر لەم پێوەندییەدا ئاماژەی بە قسەکانی عەلیڕەزا زاڵی، بەرپرسی ناوەندی ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە تاران کردووە کە وتبووی ئێمە لە پیدانی ئاماری گیان لەدەستدان بەهۆی پەتای کۆرۆناوە لەگەڵ ڕێکخراوی جیهانیی تەندروستی درۆمان کردووە.