دامەزراوەی ئەمریکایی داکۆکی لە دێموکراسییەکان لە ڕاپۆرتێکدا هۆشداری دەدا و دەڵێ: هاتنەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان، هۆکارێک دەبێ بۆ پەرەسەندنی زیاتری سەرەڕۆییەکانی ڕێژیمی ئێران و خێراترکردنی چالاکییە ناوکییەکانی.
ئەم دامەزراوەیە ڕۆژی سێشەممە ٢ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە ئەگەری زۆری هەیە کە ڕێژیمی ئێران، چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، بکا بە دەرفەتێکی گونجاو بۆ دەسپێڕاگەیشتنی بە چەکی ناوکیی.
لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ڕێژیمی ئێران هیچکات جێگای متمانە و باوەڕ نەبووە و نابێ ولاتانی زلهێز بەتایبەتی ئەمریکا ئیزن بەو وڵاتەدا بدا کە بە ئارەزووی خوی دەستێوەردان لە وڵاتانی ناوچەکە بکا و لە هەمووی گرینگتر ئەو وڵاتە نابێ ببێتە خاوەنی چەکی کۆمەڵکوژ.
هەر لەم پێوەندییەدا چەند رۆژ پێش ئێستا، ئاژانسی نێوەنەتەوەیی وزەی ناوکیی لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ڕایگەیاندبوو کە ڕێژیمی ئێران هەنگاوەکانی بۆ پیتاندنی ئۆرانیۆم خێراتر کردووەتەوە و بەردەوامە لە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ناوکیی.