سلێمان گوڵی هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری دیواندەرە، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەم شارەوە دەسبەسەر کرا.
بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان “چاونیوز”، ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، هاووڵاتییەکی خەڵکی ئاوایی ”عەلیاوای یاپەڵ” سەر بە شاری دیواندەرە، بە ناوی ”سلێمان گوڵی”، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئەم شارە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستراوە.
شایانی باسە ناوبراو بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەسبەسەر کراوە و دوای تێپەڕبوونی ٨ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە شوێنی ڕاگرتن و هۆکاری گرتنی لە بەردەستدا نییە.
بەپێی ئامارەکانی ناوەندی مافی مروڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەر لە مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٠ هەتاویدا، زیاتر لە ٦٧ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراون و تا ئێستاش لە بارودۆخی زۆربەی ئەم هاووڵاتییانە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.