گۆڤاری ئەمریکایی” فاریەن پاڵیسی، لە زاری بەرپرسانی گرووپی تاڵیبانەوە بڵاویکردەوە کە حکومەتی داهاتووی ئەفغانستان لەلایەن شۆرایەکی ١٢ کەسییەوە، پێکهاتوو لە ڕێبەرانی ئەو گرووپە، بەڕێوەبەریی ئەفغانستان بەدەستەوە دەگرن.
گۆڤاری فاریەن پاڵیسی، ڕۆژی سێشەممە ٢ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە ڕاپۆرتێکدا سەرەڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە نووسی: مەلا عەبدولغەنی بەرادەر، جێگری سیاسیی گرووپی تاڵیبان و یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئەو گرووپە، مەلا محەممەد یەعقووب، کوڕی مەلا محەممەد عومەر، دامەزرێنەر و ڕێبەری پێشووی گرووپی تاڵیبان و خەلیل حەقانی لە ئەندامانی شۆرای ١٢کەسی بەڕێوەبەریی ئەفغانستانن.
لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە بەپێی ئەم ستراتیژییە نوێیە لە حکومەتی داهاتووی ئەفغانستان، گرووپی تاڵیبان لە ناوگەلێک وەکوو سەرۆککۆمار و ئەمیر کەڵک وەرناگرن، بەڵام تائیستا ئەوەش ڕوون نەبووەتەوە ئەندامانی شۆڕاکە بە چ ناوێک دەردەکەون.