کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر، ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە کە گوایا ئەمریکا عێراق و هەرێمی کوردستان بەجێدەهێڵێت.
کۆنسوڵخانەی ئەمریکا ئەو هەواڵانە کە لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراونەتەوە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەمریکا، عێراق و هەرێمی کوردستان بەجێدەهێڵێت، ڕەتدەکاتەوە.
بەپێی هەواڵی تۆڕی میدیایی ڕووداو، وتەبێژی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردۆتەوە و وتوویەتی:”هەر ڕاپۆرتێک ئاماژە بەوە بکات کە ئەو خەڵکانەی لەگەڵ حکومەتی ئەمریکا لە عێراق کاریان کردووە پێویستە ناوی خۆیان لەلای کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر تۆماربکەن، هەواڵی ساختەن.”
پێشتر لە دەنگۆیەکەدا هاتبوو کە، هەموو ئەو وەرگێڕ و کارمەندانەی کاریان لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا کردووە، بە پەلە خۆیان بگەیێننە کۆنسوڵخانەی ئەمریکا بۆ تۆمارکردنی ناویان بە مەبەستی گواستنەوەیان بۆ ئەمریکا.
وتەبێژی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە ئاگاداریینامەیەک بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان دەڵێ: “تکایە ئاگاداربن کە پلاتفۆڕم و ماڵپەڕە فەرمییەکانی حکومەتی ئەمریکا تەنیا سەرچاوەی بڵاوکردنەوەی زانیارین سەبارەت بە خزمەتگوزارییەکانی کۆچبەری و هەروەها ئۆپەراسیۆنەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق و عێراق.”