بەرپرسانی بریتانیا، سەرقاڵی ئامادەکردن و تاوتوێکردنی گەڵاڵەیەکن کە ئەفغانستان بخەنە نێو لیستی ڕەشی وڵاتەکەیانەوە.
ڕۆژنامەی بریتانیایی “دەیلی تێلێگراف” ڕۆژی سێشەممە ٢ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە ڕاپۆرتێکدا دەنووسێ: بەپێی ئەو گەڵاڵە پێشنیارکراوە، بریتانیا ئیزنی ئەوەی هەیە کە ئەو کەسانەی سەردانی وڵاتی ئەفغانستان دەکەن، ١٠ساڵ بەندکرانیان بەسەردا بسەپێنێ.
هەر لەم پێوەندییەدا بەرپرسێکی باڵای بریتانیایی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بێ، بە ڕۆژنامەی دەیلی تێلێگرافی ڕاگەیاندووە کە ئێمە لەم قۆناغەدا هەڵسەنگاندن بۆ هەموو ڕێکارەکان دەکەین کە سەپاندنی ١٠ساڵ بەندکران بۆ ئەو کەسانەی سەردانی ئەفغانستان دەکەن، یەکێک لە گەڵاڵەکانی ئێمە کە پێویستە زیاتر باسی لەسەر بکەین.
لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە بریتانیا گرووپی تاڵیبان بە فەرمی ناناسێ و بەو گرووپەی ڕاگەیاندووە کە دەبێ ڕەچاوی مافی مرۆڤ بە تایبەتی مافی ژنان لە ئەفغانستاندا بکەن.