نەفتالی بێنێت دەڵێ: ئیسرائیل درێژە بە هێرشە شاراوەکانی خوی بەدژی بەرنامەی ناوکیی ئێران دەدا و هەموو هەوڵێکی خۆی دەدا کە ئەمریکا نەگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران.
ڕۆژنامەی” نیۆیۆرک تایمز” لە ڕاپۆرتێکدا ڕۆژی سێشەممە ٢ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە زاری نەفتالی بێنێت، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلەوە ڕایگەیاندوە کە ئیسرائیل ئیستراتیژییەکی نوێی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران بە ئەمریکا پێشنیار کردووە و هیوادارە بتوانێ بە هاوکاریی ئەمریکا، کۆتایی بە بەرنامەی ناوکیی ئێران بهێنێت.
هەر لەم پێوەندییەدا “ئۆفێرجێندێلمان” وتەبێژی دەفتەری سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل تەنیا بە مەبەستی پێشکەشکردنی پڕۆژە و ئیستراتیژییەکی نوێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران سەردانی ئەمریکای کردووە و بڕیار وایە کە لەگەڵ سەرۆککۆماری ئەمریکا “جۆ بایدێن”، وەزیری دەروەی ئەمریکا “ئانتۆنی بلینکێن” و هەروەها وەزیری بەرگریی ئەمریکا ” لوید ئاستین” چاوپێکەوتنی هەبێ.
لە لایەکی دیکەوە جێن ساکی، وتەبێژی دەوڵەتی ئەمریکا چوارشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو کە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و سەرۆککۆماری ئەمریکا لە کۆشکی سپی لەهەمبەر پرسی ئاسایشی ناوچەکە و جیهان و بەتایبەتی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران کۆ دەبنەوە.