پاشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی ئاگۆستی ٢٠٢١ی زایینی بەبۆنەی ٧٦مین ساڵرۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان له بریتانیا وێبینارێکی بۆ بەڕێز “کەماڵ کەریمی” ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕێوە برد.
وێبینارەکە بە خوێندنەوەی سرودی نەتەوایەتی “ئەی رەقیب” و چەند ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەھیدی تازەی ڕێبازی دێموکرات، شەهید “مووسا باباخانی” و سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان دەستیپێکرد.
دواتر هاوڕێ ئەدیسۆن فەرامەرزی بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە بریتانیا پیرۆزبایی خۆی بەبۆنەی ٧٦مین ساڵرۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکرات ئاراستەی ئەندامان و لایەنگران و بنەماڵەی سەربەرزی شەھیدان و خەڵکی رۆژھەڵاتی کوردستان کردو وێڕای مەحکومکردنی دووبارەی تێرۆری ناجوانمێرانەی شەھید مووسا باباخانی، سپاسی بەشداربووانی کرد.
پاشان بەڕێز “کەماڵ کەریمی” لە دەسپێکی وتەکانی باسێکی تێرو تەسەلی لەسەر ھۆکار و مێژووی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێشکەش کرد کە چۆن لە کاتێکدا زۆربەی ناوچەکانی رۆژھەڵاتی ناوەراست بە شێوازێکی عەشایری و دواکەوتووانە ئێدارە دەکرا، ڕێبەرانی کورد لە رۆژھەڵاتی کوردستان بە تایبەتی پێشەوا قازی محەممەد، بە دامەزراندنی حیزبێکی مۆدێرن بۆ گەیشتن بە مافەکان و ئازادییەکانی خۆی کە ھەموو چین وتوێژەکان بە تایبەتی ژنان و لاوانی لەخۆ گرتبوو باڵانسی ناوچەکەی لە بەرژەوەندیی گەلی کورد قۆستەوە و بەرنامە و بەیاننامەکانی حیزبی دێموکرات دوای ٧٦ ساڵ بوونەتە ئامانجێکی گشتی بۆ ھەموو کۆمەڵگای کوردستان.
لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا کاک کەماڵ کەریمی باسێکی گرینگی لەسەر تێرۆر و حەزفی رێبەران و کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە کاتی دامەزراندنی و بەردەوامبوونی تا ئێستا لەلایەن ڕێژیمە دیکتاتۆرەکانەوە بۆ ئامادەبووان خستەڕوو.
شایانی باسە لە کۆتایی وێبینارەکە پرسیارگەلێکی زۆر لەلایەن ئەندامانەوە سەبارەت بە ٢٥ی گەلاوێژ، پرسی یەکگرتنەوە، تێرۆری شەھید مووسا باباخانی، کێشەکانی کوردستان و ئێران و ناوچەکە و…. ئاراستەی بەرێز کەماڵ کەریمی کرا و ناوبراو وڵامی پرسیارەکانی دایەوە.