مەنسوور ئەمیری، ئەندام و فەرماندەی دێرینی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی تایلەند ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ١ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، کاک مەنسوور ئەمیری ئەندامی حیزب و یەکێک لە فەرماندەکانی دەیەی ٦٠ هەتاوی لە وڵاتی تایلەند بەهۆی جەڵتەی دڵەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
نەمر مەنسوور ئەمیری کوڕی حەمەدەمین خانی ئەمیری ساڵی ١٩٥٩ لە شاری مەهاباد لە دایک بووە و هەر لە سەرەتای لاویەتیدا یەکێک لە لاوە شؤڕشگێرانە بوو کە ئازایانە لە ڕێپێوانەکانی دژی رژیمی پاشایەتی، لە شاری مەهاباد بەشداری کردووە.
ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی، مەنسووری تازەلاو، وەک لاوێکی دەروەست و نیشتیمانپەروەر، وێڕای هەزاران لاوی دیکەی کوردستان، چەکی بەرگریی لە خاک و وڵات و نەتەوەکەی کردە شان و تێکەڵ بە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکڕات بوو.
رەوانشاد مەنسوور ئەمیری، لە لکی دووی هێزی شەهید پێشەوا سازمان درا. مەنسوور وەک پێشمەرگەیەکی ئازا و جەسوور، زۆر زوو لە مەیدانەکانی شەڕ و بەربەرەکانی لە بەرامبەر هێزە دژیگەلییەکانی ڕێژیمی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامیدا خۆی نیشاندا و پلەکانی بەرپرسایەتی وەک سەرپەل، فەرماندەی دەستە و فەرماندەی لک، یەک بە دوای یەکدا بڕین و ببوو بە فەرماندیەکی کارامە و لێهاتوو.
کاك مەنسور ئەمیری بەشێكی زۆری تەمەنی لاویەتی خۆی لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبدا تێپەر کرد و دوای چەندین ساڵ خەباتی پێشمەرگانە، رێگەی هەندەرانی گرتە بەر و لە وڵاتی نۆروێژ گیرسایەوە و هەر وەفادار بە خەباتی نەتەوایەتی و ڕێبازی حیزبی دێموکرات مایەوە و وەک ئەندامێکی دلسۆزی حیزبی درێژەی بە تێکۆشان دا.و چەند جارێکیش وەک ئەندامی کۆمیتەی حیزب لە نۆروێژ هەڵبژێردرا.
لەم ساڵانەی دواییدا ناوبراو زۆرتر لە وڵاتی تایلەند دەمایەوە، بەڵام چوونکە هەستی کوردایەتی و نەتەوایەتی لەنێو هەموو وجوودیدا هەبوو، لە هەر شوێنێک بایە، بیر و هۆشی هەر لای کورد و کوردستان بوو. لە تایلەندیشەوە لەگەڵ ئێش و ئازارەکانی حیزب و گەلەکەی دەژیا و هیچ کاتێک لە کاروانی خەباتکارانی ڕێگەی رزگاری دانەبڕا و هەتا کاتی کۆچکردنی وازی لە بیر و باوەڕ و ڕابردووی خۆی نەهێنا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی خۆی پێشکەش بە بنەماڵەی بەرێزی ئەمیری و هەموو تێکۆشەرانی دێموکرات و هەروەها خەڵکی مەهاباد و دەوروبەری دەکات و خۆی بە شەریك و بەشداری خەمیان دەزانێ.