سەندووقی پشتیوانیی لە منداڵانی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە منداڵانی ئەفغانستان لە بارودۆخێکی زۆر ناخۆشدان و بۆ زیندوومانەوە پێویستیان بە یارمەتیی مرۆڤدۆستانەی خێرا هەیە.
سندووقی پشتیوانییی لە منداڵان”یۆنیسێڤ” ڕۆژی دووشەممە ١ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند کە ١٠میلیۆن منداڵ لە ئەفغانستاندا لە بارودۆخێکی خراپدان و بەهۆی بارودۆخی سیاسیی ئێستای ئەفغانستان و داگیرکردنی ئەو وڵاتە لەلایەن گرووپی تاڵیبانەوە میلیۆنان منداڵ لە ئێستادا لەو وڵاتە ڕووبەڕووی مەترسیی گیان لەدەستدان بوونەتەوە و پێویستی خێرایان بە یارمەتییە.
یۆنیسێڤ لە بەشێک لە بەیاننامەکەی خویدا لەهەمبەر خراپیی باری گوزەرانی منداڵان هوشداری بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوە و ڕایگەیاندووە کە تەنیا لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا بە میلیۆنان منداڵی ئەفغانی تووشی بارودۆخێکی نالەباری تەندروستی بوونەتەوە و ئەگەر یارمەتییە تەندروستی و پزیشکییەکان زۆر بە خێرایی نەگاتە دەستی منداڵانی ئەفغان هەموویان گیانیان لە دەستدەدەن.
جێگای ئاماژەیە کە لە ئەفغانستان زیاتر لە ٤میلیۆن منداڵ مافی چوونە قوتابخانەیان نییە کە لەم ڕێژەیە ٢ میلیۆنی کچە.