یەکیەتیی هەناردەکارانی نەوت، گاز و بەرهەمە پێترۆشیمییەکانی ئێران ڕایگەیاند کە هەناردەکردنی بێنزین و گازۆئیلی ئێران بۆ ئەفغانستان، بەهۆی بارودۆخی ئاڵۆزی ئەفغانستانەوە هەڵپەسێردرابوو و چەند ڕۆژ پێش ئێستا لەسەر داوای تاڵیبان هەناردەکردنەکان لە ئێرانەوە دەستیپێکردۆتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی” ڕۆیتێرز” کە ڕۆژی دووشەممە ١ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی بڵاوکراوەتەوە حەوتووی ڕابردوو نرخی بێنزین لە ئەفغانستاندا لە هەر تۆنێکدا ٩٠٠ دۆڵار، بەهۆی ترسی خەڵک لەگەڕانەوەی تاڵیبان بۆ ئەفغانستان زیادیکردوە، تاڵیبان پاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا وهاوپەیمانان لە ئەفغانستان لە هێرشێکی بەربڵاودا دەستی بەسەر ئەفغانستاندا گرتووە.
حەمید حوسێنی، ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەری و وتەبێژی یەکیەتیی نەوت لە تاران بە هەواڵدەریی رۆیتێرزی ڕاگەیاندووە کە تاڵیبان بۆ کەمکردنەوەی نرخی بێنزین داوای لە ئێران کردووە کە سنوورەکان بکاتەوە و نەوت و بێنزین هەناردەی ئەفغانستان بکاتەوە.
حوسێنی لە درێژەدا وتی: هێندێک لە بازرگانەکان بەهۆی ترسی ئەمنییەتی و گیانیی خۆیان زۆر دەترسن ئامادە نیین کە بێنزین و نەوت هەناردەی ئەفغانستان بکەن، بەڵام بەرپرسانی ئێران بەڵێنیان بە تاڵیبان داوە کە هەناردەکردنی نەوت و بێنزین بۆ ئەفغانستان دەسپێبکەنەوە.
جێگای ئاماژەیە کە رێژیمی ئێران لە ئیستادا بەهۆی گەمارۆ نێونەتەوەییەکانەوە بەتایبەتی لەسەر پیشەی نەوتی ئەو وڵاتە ناتوانێ نەوتەکەی هەناردەی بازاڕی جیهانیی بکا و بۆیە بە فرۆشتنی نەوت وبێنزین بە ئەفغانستان دەیهەوێت باری قورسی گەمارۆکان لە سەر ئێران تۆزێک کەم بکاتەوە.