لە ئاکامی تیکهەڵچوونێکی چەکداریدا لە نێوان گرووپی تاڵیبان و هێزەکانی ئەحمەد مەسعوود لە پەنجشیر ٣٠٠کەس لە چەکدارەکانی گرووپی تاڵیبان کوژراون.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، پاش هەوڵەکانی گرووپی تاڵیبان بۆ ڕادەستکردنی پەنجشیر و داگیرکردنی ئەو هەرێمە و بێ ئاکام مانەوەی وتووێژەکانی نێوان گرووپی تاڵیبان وهێزەکانی ئەحمەد مەسعوود و لە ئاکامی هێرشی گرووپی تاڵیبان و تێکهەڵچوونی چەکدارانە ٣٠٠کەس لە چەکدارەکانی گرووپی تاڵیبان کوژران.
ئەحمەد مەسعوود، کوڕی ئەحمەد شا مەسعوود، هوشداری داوە کە ئەگەر گرووپی تاڵیبان وتووێژەکان ڕەت بکەنەوە و ڕێگەی سەربازیی هەڵبژێرن، ئەوە ئەفغانستان تووشی شەڕی نێوخۆیی دەبێ.
جێگای ئاماژەیە کە پەنجشیر تەنیا هەرێمێکە کە لەژێر سەیتەرەی گرووپی تاڵیباندا نییە و ئەو گرووپە دەیهەوێت بە زۆر داگیری بکا.
پەنجشیر دۆڵێکی درێژ و کوێستانییە و ڕێگایەکی زۆر سەختی هەیە و ئەم هەرێمە زۆر بە ئاسانیی داگیر ناکرێ و لە ئەفغانستاندا بە نێوی ناوەندی بەرگریی لەهەمبەر هێزەکانی سۆڤییەت و ئیستاش گرووپی تاڵیبان نێوبانگی هەیە.