بەندکراوێکی سیاسی چوار ڕۆژ پاش دەسبەسەرکرانی، بە شێوەیەکی گوماناوی لە یەکێک لە گرتنگە ئیتلاعاتییەکانی بۆکان گیانی لەدەستدا.
بەپێی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رۆژی شەممە ٢٣ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، چالاکێکی سیاسیی کورد بە ناوی شۆڕش خزرزادە، خەڵکی بۆکان کە چەند ساڵ دانیشتووی هەرێمی کوردستان بووە، لە سنووری بانەوە خۆی ڕادەستی هێزەکانی سپای پاسداران کردووە و دوابەدوای دەسبەسەرکرانی گوازراوەتەوە بۆ بۆکان.
بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی خزرزادە کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ، ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی گەلاوێژ، لە نەخۆشخانەی “قولیپووری” بۆکانەوە بنەماڵەی خزرزادە ئاگادار کراونەتەوە کە کوڕەکەیان کۆچی دوایی کردووە و بۆ وەرگرتنی تەرمەکەی پێویستە سەردانی نەخۆشخانە بکەن.
جێگای ئاماژەیە کە بنەماڵەی خزرزادە ئاگایان لە گەڕانەوەی شۆڕش و دەسبەسەرکرانی نەبووە و نازانن بەر لە مردنی لە بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان بووە یا لە گرتنگەی دەزگا ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم.
بەرپرسانی نەخۆشخانە بە بنەماڵەی خزرزادەیان وتووە شۆڕش بە هۆی نەخۆشیی گواتری ژەهراوییەوە گیانی لەدەستداوە.
شۆرش خزرزادە، ماوەیەک ئەندامی یەکێک لە حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران بووە و بۆ ماوەی چوار ساڵ لە هەرێمی کوردستان، دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئیران، چالاکیی سیاسیی هەبووە.