ئیبراهیم ڕەئیسی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ژاپۆن وتی: ئێران لە بنەڕەتدا لەگەڵ وتووێژ کێشەی نییە و دەبێ وڵاتی ژاپۆن، پارە بلۆکەکراوەکانی ئێران ئازاد بکا.
بەپێی ڕاپۆرتی بنکەی هەواڵدەریی”دەوڵەت”ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی لە چاوپێکەتنێکدا لەگەڵ” تۆشیمیتسۆ مۆتێگێ” وەزیری دەرەوەی وڵاتی ژاپۆن، سەرەڕای ڕەخنەگرتن لە ئەمریکا لەهەمبەر سەپاندنی گەمارۆ ئابوورییەکان بە سەر ئێراندا وتی: ئێمە لەگەڵ وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن کێشەمان نییە و دەبێ وڵاتانی ئورووپایی لێپرسینەوە لە ئەمریکا بکەن کە بێ هیچ پاساوێک لە ڕێککەوتنی ناوکیی چوەتەدەرەوە و دەبێ بەهەموو جیهان ڕابگەیێنن کە بۆچی لە ڕێککەوتنێکی نێونەتەوەیی چوەتەدەرەوە.
وەزیری دەرەوەی ژاپۆن، بەجەختکردنەوە لەسەر ئەوەیکە دەوڵەتەکەی بەردەوام پشتیوانیی لە ڕێککەوتنی نێونەتەوەیی” بەرجام” دەکا وتی: ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین کە دووبارەکردنەوەی رێککەوتنی ناوکیی بە قازانجی هەموو وڵاتانی جیهانە و دەتوانێ هەموو کێشەکان لە ڕێگای وتووێژەوە چارەسەر بکرێ.
جێگای ئاماژەیە کە ڕەئیسی لە یەکەمین کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی خۆیدا وەکوو سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاندبوو کە ئامادە نییە لەگەڵ جۆبایدین، سەرۆککۆماری ئەمریکا چاوپێکەوتن وتووێژ بکا و هەموو هەوڵێکی خۆی دەدا کە پێوەندیی ئابووری وڵاتی ئێران لەگەڵ وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن جیابکاتەوە.