ئه‌من ئه‌و بولبولهم بۆ نیشتمانی خۆم ده‌ڵێم به‌ستان
چریکه‌م بانگی ڕابوونه و سروودم ئایه‌تی ههستــــان
له گه‌ڵ خاوهنهومێدان هاوده‌مم، دوورم له دڵسستان
هه‌تا ماوم ده‌گوڕڕێنم بمێنێ کورد و کوردستان
به گولله‌ی دوژمنانی گه‌ل دڵیشم بێته ڕاوه‌ستان
سروشتی ســـــازگاری نیشــــــــــــــــــــــــــتمانم دڵگر و تاکه
هه‌وای دڵپهروهری هه‌روه‌ک دەروونـــی خه‌ڵکه‌که‌ی پاکه
گڵی وه‌ک سورمه بۆ چاوی به تاسه‌ی ئاشــقان چــــــاکه
پشووی دواییم ده‌خوێنم بۆ گوڵ و گوڵزاری ئه‌و خاکه
له سایه‌ی ئه‌و گوڵ و گوڵزاره‌یه بوومه هه‌زارده‌ستان
گه‌لێک ئازادن ئه‌مڕۆ نین له به‌ند و ڕه‌نج و ماتــــهم دا
گه‌لی من کۆیله‌یه و ئێستاس له گێژاوی ته‌م و خه‌م دا
چمان کردوه که هه‌ر ماوین له نێو قۆناخی ئاسته‌م دا
لــه مـــهیدانی شهڕانخێـــویی خه‌باتی چه‌رخی بیسته‌م دا
سه‌رم سوڕ ما که ئه‌سپی سووکه سواری کوردی بۆ وه‌ستان
له خه‌ڵکی دیکه که‌متر نین به ده‌ست و ڕاپه‌ڕ و ئیده
هەمانن لاوی سوارچاکی بەئەزموون و گەڕانــــــــدیدە
ئه‌دی بۆ هه‌ر بە ژێردەستی دەژین و دیل و ڕه‌نجدیده؟
وه‌ڵامــی دامــــــــــــــــهوه پیـــــــــــــــــرێکی ئازاده‌ی جیهاندیده
خه‌تای سواران نه‌بوو، پێشسواره‌کانمان قورس و ناوه‌ستان
له‌مێژه میلله‌تی کورد دیــــــــل و دامــــــــــــــــــاو و گرفتاره
به کۆمه‌ڵ قه‌ڵتوبڕ ده‌کرێ، به کـــــــۆ ده‌درێ له سێـــــداره
نیشانه‌ی ده‌ردی ژێرده‌ستی به ڕووی ئه‌و خه‌ڵکه‌وه دیاره
ده‌زانن زامی دیلی چه‌ند به ئێش و چه‌ند به ئازاره؟
ده‌بی ڕابین هه‌تا ئێمه‌ش ده‌گه‌ینه ڕیزی سه‌ربه‌ستان
دەزانی کوردە دوژمن بۆی بڕەخسێ چت بەسەردێنێ؟
بە جارێ ماف و مێژوو و ناو و ناسنامەت دەفەوتێنێ
دە هەستن ببنە ئەو لافاوە قورسەی کێو لەبن دێنێ
نەتاندیوە کە ڕووباری خوڕێن بەردی دەقــــــەڵشێنێ
وەهاش هەر کاخی زۆرداری دەڕووخێنێ گڕی هەستان
بە تێکۆشان نەبێ نابڕێتەوە دەورانی دەرد و ئـــــــــــێش
درەنگە دەست دەنی خەڵکی ستەملێکراو و زەحمەتکێش
دەبێ چۆک دابدا ڕۆژێک لەبەرتان دوژمنـــــــی سەرکێش
هومێدێ بەرمەدەن ڕێگای خەبات بگرن، بـــــڕۆنە پێش
تەماشای خەڵکی تێکۆشەر بە دیکتاتۆری چۆن وەستان
بەکۆ دەبرێنە ژێر داری نەمان کیـــــــــــژ و کوڕوکـــاڵم
هەموو دەشت و چیای کێلاین بە تۆپ و بۆمبی ناپاڵم
بەسە تاکەی لە دەست دەم کۆمەڵی دۆستان و ئاواڵم
هەتا کەنگێ سیــــــــــــــــاچاڵی بەسامی دوژمنی زاڵم
پراوپڕ بێ لە ڕۆڵەی گەل، جمەی بێ وا لە دەسبەستان
گەلۆ کورد بۆ دەبێ هەر دەسبەسەر بێ و بێبەش و داماو
لە ماڵی خۆی بژی بێدەستەڵات و دیل و دەسبــــــــــــــــەسراو
لەبەر چی دایکی کورد هەر ملبەکوێن بێ و مات و دڵسووتاو
هەتا کەی ئەشکی خوینینــــــی کچە کوردی براکوژراو
لە جێی بادەو لەبەزمی دوژمنان بدرێتە دەست مەستان
چمان ناداتێ سستی، ناهومێدی و ترس و بێ‌وازی
وەلانین خۆکوژی، کێشە، دژییەکبوون و ناسازی
لەپێناو سەربەخۆیی کورد‌و ژینی پڕ لە شـــانازی
مەوەستن ڕۆلەکانی قارەمانی گەل لە گیانبازی
لە کۆڕی ئەم خەباتە بێوچانە تاقە یەک کەستان
بەڵێ مێژووی وڵات و خەڵکی ئێمە پڕ لە ئازارە
کەسیش نایە لە خۆڕا زامی دیلیمان بکا چـــارە
سپێدەی ڕاپەڕینە ڕادەماڵێ ئەو شـــــەوە تــــارە
سەهـــــۆڵــبەندانی بێـــــــدادی ئەگەرچی تووش و دژوارە
بەڵام لێم سوورە وەک ڕۆژێ بەهار هەر دێ لە پاش زستان
بە سەرکەوتن دەگا ئەو میللەتەی ڕۆژێ دە خۆی ڕادی
لە جێی ئەستووری دا دەپسێ قەفی زنجیـــــری بێدادی
بە دوای شینی شەهیدان دا دەبێ بێ سەردەمی شادی
بە خەڵـــــکی عالەمی سەلماندوە تاریخی ئازادی
دەبێ زاڵم لە بەر تێکۆشەران بەرداتەوە دەستان
شێعرێکی پێنجخشتەکیی”ئاشق”، لە سەر غەزەلی “بەهار هەر دێ”ی “مامۆستا هێمن”ی نەمر
لە ژماره ٦٧٤ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه