کۆڕی ڕێزلێنان لە موسا باباخانی کادری ڕێبەری حیزبی دیمۆکراتی کوردستان و تازەترین شەهیدی گەل و نیشتمان لە ستۆکهۆڵم بەڕێوەچوو.
رۆژی شەممە ڕێکەوتی ۲۱ی ئاگوستی ۲٠۲۱ لە شاری ستۆکهۆلم ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە تازەترین شەهیدی حیزب و گەل کاک موسا باباخانی بە بەشداریی ئەندامان و دۆستانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای کۆڕیادەکە لەلایەن بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمەکە خاتوو “نیشتمان عەزیزی” و هاوڕێ “شوان جوامێری” بە زمانی کوردی و سویدی بەخێرهاتنی بەشداربووان کرا. دواتر کورتەیەک سەبارەت بە مێژووی تێرۆر و ئەشکەنجە و سێدارە و ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی لەو بارەوە، بەتایبەت لە کوردستان هاتە بەرباس و پاشان بە زمانی سویدی کورتەیەک لەسەر کەسایەتی شەهید مووسا باباخانی و خەمی لەدەستدانی و پێویستی درێژەپێدانی خەبات خوێندرایەوە.
ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی “ئەی ڕەقیب ” و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی شەهیدانی ڕێگای ئازادی، بە فەرمی دەستیپێکرد. پاشان هونەرمەند “قەمبەر خوسرەوی” بە تەمبوور پارچە موسیقایەکی ژەنی و لاوانەیەکی یارسانی پێشکەش کرد.
لە درێژەی کۆڕیادەکەدا هاوڕێ “کوێستان بابایی”، بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان لە وڵاتی سوید پەیامی کۆمیتەی سويدی پێشکەش کرد و وتی ئەگەر کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاوا بە ئاسانی دەتوانی لە دەرەوە و ژوورەوەی ئێران درێژە بە تیرۆری ئازادیخوازان بدا، بەشێکی تاوانەکە دەگەڕێتەوە بۆ گوێنەدانی دنیای دەرەوە بۆهۆی هەندێک بەرژەوەندی کاتیی. ئەگەرنا بەپێی بەڵگە ئاشکرا و سەلمێندراوەکان دەرکەوتووە کە بەرپرسانی باڵای دەسەڵاتی ئێران لەو تێرۆر و کردەوانەدا دەستیان هەبووە، کە بەداخەوە بە سات و سەودا لە دەست بەسزاگەیشتن ڕزگارییان هاتووە.
پاشان بەڕێز سەعید بەیگزادە، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزب لە دەرەوەی وڵات، باسی چۆنیەتی شەهیدکران و دۆزینەوەی تەرمی شەهید مووسای کرد و هەر بەو بۆنەشەوە بەشداریی خەڵک و بەتایبەت بنەماڵەی گەورەی دیمۆکراتەکانی لە مەراسیمەکەدا سەرەڕای هەبوونی مەترسی پەتای کۆڕۆنا بەرزنرخاند و سپاسی هەموو لایەکی کرد. کاک سەعید هروەها پڕژایە سەر شیکردنەوەی ئەو خاڵە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆچی شەهید مووسای بە مەبەستی لەنێوبردن هەڵبژارد. ناوبراو لە وڵامی پرسیارەکەیدا وتی، لەبەر ئەوەی ئەو شەهیدە، واتە مووسای کوردان گەنجێکی بوێر و کادرێکی پێگەیشتوو و تێگەیشتوو، ڕێکخەرێکی وشیار و پێشمەرگەیەکی بەوەج و لەدایکبووی دەڤەری بیستوون و داڵاهوو و خاوەن پێگەیەکی گرینگ بوو.
بەڕێز قادر کاسیرگە نوێنەری حیزبی سۆسیال دیمۆکرات لە سوید کرد وتارێکی سەبارەت بە تیرۆری شەهید موسا بە زمانی سویدی پێشکەش کرد و گوتی کە ئەگەر نەیاران هەموو رۆزەکان بکوژن ، ناتوانن پێش بە هاتنی بەهار بگرن. ئەو هەروەها گوتی کە ئێمە شانازی بە شۆڕشگێڕەکان دەکەین و هەموو ڕۆژێ سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی گوێمان لێدەبێ کە چۆن دژی خەڵک و بەتایبەت کوردستان پیلان دەگێڕێ و دیتمان لەو دواییانەدا چۆن موسایان شەهید کرد. ئەو بەڕێزە لە درێژەی وتارەکەیدا هەروەها گوتی ئێمە وەک حیزبی سۆسیال دیمۆکرات لە سوید تەنانەت ئەوەش دەزانین کە کۆماری ئیسلامی لە عێراق و لوبنان و زۆر شوێنی دیکە بەدوای چیدا دەگەڕێ و بۆیە دەڵێین سەرکەوتنی ئێوە لە یەکدەنگی هێزەکانتاندایە و دڵنیاشتاندەکەینەوە کە ئێمە ڕێز لە خەبات و تێکۆشانتان دەگرین.
پاشان فرێدریک مالم، نوێنەری حیزبی لیبێرال لە پارلەمانی سوید دوای سپاسی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی کرد لەمەر پێکهێنانی ئەو کۆڕیادە و وتی، گرینگ نییە لە کۆماری ئیسلامیدا کام کەس دێتە سەرکار، سیاسەتی تێرۆر هەر لە جێیخۆیەتی. ئەوان بۆیە مووسایان شەهید کرد چونکە توانای ڕێکخستنی کۆمەڵانی خەڵکی هەبوو. لە کۆتایی قسەکانیدا، فرێدریک مالم وتی، بریا دوای سەردەمی کۆڕۆنا، یەکەم کۆبوونەوەمان ماتەمین نەبوایە و هیوادارم ئەوە دوایین پرسە بێ.
دواتر بەڕێز ئیقباڵ سەفەری، کەسایەتیی ناسراوی سیاسیی کورد، بە کورتی چەند تەوەرێکی هێنایە بەرباس و بەهێزبوونی پێگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی لە باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانی شیکردەوە و وتی کە خەڵک بە لێکدانەوە، حیزبی دیمۆکراتیان لەو ناوچانە هەڵبژاردووە و بوونی کەسایەتییەکانی وەکوو شەهیدان خەلیل خەلەبان و کەماڵ دەبباغی و زۆرانیتر نەخشی گرینگی هەبووە. ناوبراو هەروەها بەکورتی باسی دیمۆگرافی ناوچەکەی کرد کە چەندە لەباری فرە زاراوەیی و ئایینی گرینگە و لەڕاستیدا شوێنی پێکەوە ژیانی هەموو لایەکیانە. سەبارەت بە تێرۆر، وێرای مەحکوومکردنی ئەو دیاردەیە وتی کە کۆماری ئیسلامی لەسەر بناخەی تیرۆر دامەزراوە و پێویستە ئێمەش ژیرانە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخە بکەین و یەکگرتنەوەی هێزە کوردییەکانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مەترسییەکانی تێرۆر بە پێویست زانی.لە درێژەی بەرنامەکاندا ئەو حیزب و کەسایەتییانە پەیامیان پێشکەش کرد:
-حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران، کۆمیتەی سوید ـ لەلایەن بەڕێز چیا عەلیار -نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن کاک نەبەز عەلیدوست
-پارتی دیمۆکراتی کوردستان لێژنەی ناوچەی سوید لەلایەن خاتوو پڕشەنگ توانا
-سازمانی دیمۆکراتیکی یارسان لەلایەن بەڕێز عەلیئەسغەر خوسرەوی
-ناسر بولیدە سکرتێری حیزبی خەڵکی بلووچستان
-فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان لە وڵاتی سوید لەلایەن بەڕێز کۆڤان ئامێدی
-کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لەلایەن کاک حامید خانی
-یەکڕیزی بۆ ئازادی و یەکسانی لە ئیران و شۆرای دێموکراسی خوازان و کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدڕال لەلایەن بەڕێز سۆران عەلیپوور
-ناوەندی سیاسیی “شۆرای مودیریەتیی گوزار” لەلایەن خاتوو گوڵاڵە شەرەفکەندی
-یەکیەتیی ژنانی دیمۆکراتی کوردستان لەلایەن خاتوو لەتیفە جەبباری
-کۆمیتەی سویدی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستان
-ڕێکخراوی خەباتی شۆڕشگێڕی کوردستان
-یەکیەتیی لاوانی دیمۆکراتی کوردستان
-پارتی ژیانەوەی کوردستان – پژاک
-پلاتفۆرمی یارسان
-یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان
شایانی باسە کە بەشێک لە ڕێوڕەسمەکە بە چەندین پارچە موزیک و گۆرانی لەلایەن هونەرمەندان “کاروان حەکیمزادە” و “ئەسعەد ڕەزازی” ڕازێندرایەوە.