بیسمیهی تەعالا. جاری جاران و ئێستاشی لەگەڵ دابێ، لەبەر ئەوەی “بەناوی خوای بەخشندە و مێهرەبان” بە زمانی عارەبان زۆر لەم ڕستەیە بە زمانی فارس و کوردان و زمانانی دیکە پیرۆزترە، ئێمە هەرگیز لەسەر نامە و داواکاری بۆ دەوڵەت و ئەملاوئەولا ڕستە عەرەبیەکە نانووسین. دیارە لە ئێرانی خۆمان ئەو ئێرانەی دۆست و دوژمن دەڵێن ئێمەی کورد خاونی سەرەکیین، نووسین بە زمانی کوردی باو نییە و نامە و مامە هەر بە فارسی دەنووسرێن و جا بە ناچاری “بیسمیهی تەعالا” بۆ دەستپێکی نامان زۆر باشترە. مەبەستی ئێمە ئەوەیە ئەم بیسمیهی تەعالایە بکەوێتە نێو قوڕ و چڵپاویش کێشە ناخوڵقێنێ بە هۆیەوە گوناهبار نابین.
جا ئەمجار نامەکەم دەست پێدکەم:
بیسمیهی تەعالا
وێڕای سڵاو بۆ ڕوحی پاک و بێگەردی ئەو ڕێبەرە مەزنەی چەند ساڵ لەمەوبەر لە پێناو کۆتاییهێنان بە ئەو جەنگە هەشتساڵەیەی خۆی هۆکاری دەستپێکردنی بوو، جامی ژەهری نۆش فەرموو. هەروەها دروودی بێپایان بۆ بەڕێوەبەرانی دز و جەردەی گیانبەکەفی حەمامکردنی بەر لە نوێژی دوژمنشکێنی تاران بە ئیمامەتی سەید ئەحمەدە شێتەی خاتەمی و هیوای تەمەنی درێژی بۆ سۆفی عەلی و هاوڕێیانی دەمهەوێ سەبارەت بە “نیسکاو”ی بەرگریکردن کۆرۆنا چەند پرسیارێک بکەم و هیوادارم مەراجعی “زیڕەبت” بە هەموو کەیفی خۆیان وڵامم بدەنەوە.
پرسیاری یەکەم: بەپێی کام فتوا و کێهە بەڵگە و چ سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو زانراوە واکسینی فایزێر و ئاستارنزیکا و جانسۆن ئەند جانسۆن مەترسیدارن و نابێ هاووڵاتیانی ئێرانی ئەم ڤاکیسنانە لە خۆیان بدەن؟
پرسیاری دووهەم: بە کام بەڵگەی چین و ماچین زانراوە کۆرۆنا مەترسییەکی وا نییە و یەک دوو ڕۆژی دیکە کۆتایی دێ؟
پرسیاری سێهەم: ئەرێ سۆفی عەلی ئەو کاتەی ئیزنی نەدەدا واکسینی ئەمریکایی و ئورووپایی بێتە نێو ئێران خۆی چ “نیسکاو”ێکی لە خۆی دا؟
پرسیاری پێنجەم: چۆن بوو سۆفی عەلی گوتی نیەتمە ناماقووڵیم کرد و ئەوەندەی پێتان دەکرێ واکسینی ئیستکباری زل و بچووک و دوور و نزیک بکڕن و ئەم خەڵکە لەم وایرۆسە مەترسیدارە ڕزگار بکەن.
پرسیاری سەر هەموو پرسیاران: ئەرێ ئەو کابرا عرووسە بۆچی وێنەی خۆی و باڵێۆزی بریتانیای ڕێک لەو شوێنە گرتبوو کە سەردەمی جەنگی جیهانیی یەکەم سێ سەرۆکی بریتانیا و ئەمریکا و ڕووسیە کاتی کۆبوونەوەی سێ قۆڵی بۆ دابەشکردنی ئێران گرتبوویان؟
پرسیارێکی خۆمانە: ئەرێ بۆچی کاک عەلی موتەهەری کوڕی مورتەزا موتەهەری دەڵێ کۆمارەکەیان کەوتووەتە دەست چین و ڕووسیە؟
دەڵێن لە لێکدانەوەی سیاسیدا، هەموو بوویەر و ڕووداوی دوور و نزیک پێوەندییان بەیەکەوە هەیە و کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەیە.
وەک سیاسەتمەداری لە ئێمە شارەزاتر دەڵێن، بۆ تەواوکردنی ئەم پازێڵەی دڵخوازی خۆمان، ناچارین باسێک لە “نیسکاو” بکەین.
وەک زۆربەی ئێوە دەزانن، نیسکاو” لە دوو وشەی “نیسک” و “ئاو” پێکهاتووە. نابێ لێتان تێک بچێ نیسکاو هەمان “نیسکێنە” نییە. نیسکێنە جگە لە نیسک و ئاو کۆمەڵێک پێکاتەی وەک خوێ و چەوری و بیبار و زەردەچێوە و “مەردە”چێوە و شتی وای تێدایە. بەڵام نیسکاو تەنیا نیسک و ئاوی بێ ڕۆن و خوێ و بیبار و زەردەچێوە و مەردەچێوەیە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی چەند کاتژمێر لەمەوبەر بڵاو کراونەتەوە، لە ئێران لەچاو ئەو وڵاتانەی دیکە کە خەڵکەکەی واکسینی کۆرۆنایان لە خۆیان داوە، بە ڕێژەی چەند ئەوەندە خەڵک بە نەخۆشیی کۆرۆنا مردوون. یانی ئەوانەی لە وڵاتان واکسینیان لە خۆیان داوە، بە ڕێژەی زۆر کەمتر لەوانەی لە ئێران واکسینیان لە خۆیان داوە، بە نەخۆشیی کۆرۆنا مردوون.
بە تایبەت واکسینی چینی و ڕووسی و ئەو واکسینە بەرەکەت و مەرەکەتەی ئێران خۆی درووستیان دەکا، واباشە ناویان پێچەوانە لە ئاخرەوە پیت بە پیت بخوێندرێتەوە. واتە “نیسکاو”
ئەنجامی کۆمەڵایەتی: “کۆمەڵ-گا” زۆر گوێ ناداتە ئەنجامی کاریگەریی “واکسین و “نیسکاو” لای خۆی و ئەوی بیری لێناکاتەوە پەتا و نەخۆشییە.
تێبینی بۆ ئەنجامی کۆمەڵایەتی: دو وشەی تێکەڵاوی “کۆمەڵگا” و “کۆمەڵ_گا” لە بواری داڕشتن و ماناوە بە قەرایی ماڵی “سەرۆک” و ماڵی “بنۆک”ان لەیەکتر دوورن.
ئەنجامی سیاسی: سیاسەتیش وەک هەموو شتێکی “تراو” شل و توند و پەیت و ناپەیت و ڕێک و ناڕێکیی هەیە. سیاسەتی کۆرنا و واکسینیش وایە و لە نێوان شلشل و توندتوند واتە “شل شل و “پەیتپەیت”ـهکەی دا لە بەرزی و نزمیدایە. بو وێنە دەکرێ بڵێین “کۆرنا هیچ نییت”، “کۆرۆنا درۆیه”، “کۆرۆنا مەترسیدارە”، “هەوڵ بدەن بە نیسکاوی خۆمان کرۆنا چارەسەر بکەین”، “واکسینی دوژمن مەکڕن” و “بۆ دابینکردنی واکسین پەنا بەرنه بەر دوژمنان”.
تێبنی بۆ ئەنجامی سیاسی: بە ڕێشی پانە و شۆڕەوە لە پیک و ماپیک دەدا.
ئەنجامی ئابووری: لەبەر ئەوەی لە سەتا نەوەتی خەڵکی نێوخۆ ئەگەر دژی دەسەڵاتیش نەوستنەوە ڕقیان لێیەتی، هەتا زیاتر بە کۆڕۆنا بمرن باشترە.
تێبینی بۆ ئەنجامی ئابووری: ئەگەر خەڵكێکی زۆر لە نێوخۆ بە کۆرۆنا بمرن، ئەوانی دیکە لە ترسی لەیەکترگرتنەوە کەمتر بۆ خۆپێشاندان و مۆپێشاندان دژی مەقامان دێنە شەقامان و پێداویستیی نێوخۆش بە پارە و مارە و تفەنگی ساچمەزەن و ماشێنی و ئاوڕشێن و گازی فرمێسکڕێژ کەم دەبێتە و یارمەتیی زیاتر دەدرێته حیزبوڵلا و حەشد و مەشد و حوسی و مووسی و ئەوانی دیکە.