نایەکسانی و نادادوەری کە بەدرێژایی مێژوو بەسەر تاکی کورد داسەپاوە، تاکی کورد بە خوێن و ئێسکەوە هەستی بەو بێ مافییە کردووە و هەوڵ دەدا تا مافەکانی دەستەبەر بکا، هەربۆیەش بەدرێژایی چەندین سەدە لە هیچ بستێکی ئەو کوردستانە مەزنە نەبووە ئاوری شۆڕش و مافخوازی ئەو گەلە زوڵملێکراوە بکوژێتەوە. هەگبەی “شۆڕش و شاخ”ی ئەم ژمارەیە ئاوڕ لە تاکێکی دیکەی کۆمەڵی کوردەواری دەداتەوە کە شەهید “موزەفەر تابعی”یە.
شەهید موزەفەر تابعی لە گوندی “لۆن” لە ناوچەی بێڵەوار لەدایک بوو. تا وەرگرتنی بڕوانامەی دیپڵۆم درێژەی بە خوێندن دا و له‌گه‌ڵ ده‌ستپێکردنی شۆڕشی مه‌زنی گه‌لانی ئێران له‌دژی ڕێژیمی پاشایه‌تی، ئه‌و که لاوێکی تازه‌پێگه‌یشتوو، له‌سه‌ر هه‌ست و وریا بوو، پێی نایه گۆڕه‌پانی کاری سیاسییه‌وه. موزەفەر بۆ خەباتی سیاسی سەنگەری حیزبی دێموکراتی هەڵبژارد و به دنیایەک ئاوات و ئاره‌زوو چه‌كی ده‌ست دایه و به‌گژ داگیركه‌راندا چۆوە. ئەو پێشمه‌رگه‌یه‌كی به‌ئه‌خلاق و له‌به‌ردڵان بوو. له شه‌ڕه‌كانی ناوچەدا هه‌میشه ڕۆڵی به‌رچاوی هه‌بوو. هه‌ڵسووڕ، له‌سه‌ره‌خۆ، ئازا و به‌نه‌زم، به‌وره و خاوه‌نی گه‌لێك سیفه‌تی خه‌باتگێرانه‌ی دیکە بوو.
شەهید موزەفەر تابعی له عه‌مه‌لیاته‌كانی دژی دوژمن لێوه‌شاوه‌یی خۆی نیشان دا. بە قارهمانهتییهكهی له شه‌ڕی نه‌ورۆزی 59 شاری سنه‌دا لاپه‌ڕه‌یه‌كی زێڕینی خستە سەر كارنامه‌ی پێشمه‌رگانەی و ئەوی گه‌یانده پلەی فه‌رمانده‌ریی لك. ئەو فەرماندەیەکی نموونه بوو. له چالاكیی پێشمه‌رگانه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ هاوڕێیانی له‌نێو شاری سنەدا نیشانی دا چ ڕۆڵەیەکە. له‌م شه‌ڕه‌دا هه‌ر چوار ده‌وری هاوڕی موزەفەر گیرابوو و به‌ته‌واوی كه‌وتبووه گه‌ماڕۆی دوژمنه‌وه، به‌ڵام بێئه‌وه‌ی وره به‌ربدا و له به‌رانبه‌ر دوژمن به‌چۆكدا بێ به ئیمانێكی قایم و وره‌یه‌كی به‌رزه‌وه شه‌ڕی کرد و هه‌رچه‌ند له‌و شه‌ڕه‌دا كه‌وته به‌ر پڕیشكی نارنجۆك و بریندار بوو، گه‌ماڕۆی پاسداره دژی گهلییهكانی تێك شكاند.
شەهید موزەفەر لە درێژەی ژیانی پێشمەرگانەیدا بەهۆی لێهاتووییەکانی بە جێگری هێزی شەهید شەریفزادە دیاری کرا و له‌و ئه‌ركه‌شدا ڕووسور هاته ده‌ر و تا كاتی شه‌هید بوونی ئه‌م بەرپرسایەتییەی لەسەر شان بوو. بە فەرماندەیی ئەو چه‌ندین عه‌مه‌لیاتی سەرکەوتووانە لەسه‌ر جادەی سنە-دیواندەرە بەڕێوە چوون، به‌ڵام به‌داخه‌وه شەهید موزەفەر تابعی ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی بۆ نه‌ره‌خسا که زیاتر خزمه‌ت به حیزب و گه‌له به‌شخوراوه‌که‌ی بکا و وه‌ک ئه‌ستێره‌یه‌کی پڕشنگدار له ئاسمانی خه‌باتی ڕه‌وای نه‌ته‌وه‌ی کورد ئاوا بوو.
ڕۆژانی 27 تا 29ی گەلاویژی 1362 ناوچه‌ی له‌یلاخی سنه، گۆڕه‌پانی حه‌ماسه و هه‌ڵمه‌تی ده‌سته‌یه‌ک له پێشمه‌رگه فیداکاره‌کانی هێزی شه‌ریفزاده بوو که جوامێرانە و ئازایانه له‌به‌رانبه‌ر هێرشی دڕندانه‌ی به‌کرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی‌دا، سه‌نگه‌ری دیفاع له بوون ومانی نه‌ته‌وه‌که‌یان پاراست و تا دوا فیشه‌ک و دوا دڵۆپی خوێن و دوا هه‌ناسه‌ی ژیانیان، له‌گه‌ڵ داگیرکه‌رانی کوردستان شه‌ڕیان کرد و ده‌رسی کۆڵنه‌دان و به‌چۆکدا نه‌هاتنیان بۆ هاوسه‌نگه‌رانیان به‌جێ هێشت، ده‌رسێک که بۆ نه‌سڵه‌کانی دوای خۆیان بیکه‌نه سه‌رمه‌شقی ڕێگای خه‌باتیان.
له‌شکری کۆماری ئیسلامی به هێزێکی لهئهژمارنههاتوو به پشتیوانیی تانک و تۆپ و خۆمپارە و کاتیوشا، له هه‌موو لایه‌که‌وه به مه‌به‌ستی ته‌فروتونا کردنی هێزی پێشمه‌رگه له ناوچه‌ی سنه، په‌لاماری دڕندانه‌ی بۆ سه‌ر ناوچه‌ی” ڕمشت و میراوه” ده‌ست پێ کرد. دوژمن هه‌موو ڕێگاکانی له پێشمه‌رگه گرتبوو و هیچ ڕێگایه‌کی ده‌ربازبوونی بۆ نه‌هێشتبوونه‌وه. پێشمه‌رگه‌ی دێموکرات دوو ڕێگای له‌به‌ر بوو، یا ته‌سلیم بوون یان مه‌رگی سه‌ربه‌رزانه، بۆیه وه‌ک هه‌میشه ڕێگای دووهه‌میان هه‌ڵبژاردو به‌ڵێنیان دا به شانازییه‌وه گیانی خۆیان فیدا بکه‌ن، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ر دوژمن‌دا سه‌ر نه‌وی نه‌که‌ن. پاش ئه‌و بهلێنییه، بڕیاریان دا به مه‌به‌ستی شکاندنی گه‌مارۆی دوژمن ده‌ستبه‌کار بن. لەو شەڕەدا چەندین فه‌رمانده‌ی قارەمان بەشدار وەک سەروان ئیقباڵ کەریمنژاد بەشدار بوون و، له پێشه‌وه‌ی هاوسەنگەرانیان ده‌ست به کار بوون و هێرشیان کرده سه‌ر سه‌نگه‌ره‌کانی دوژمن و چه‌ندین کوژراویان پێ به‌جێ هێشتن.
ناوچه‌ی “ڕمشت ومیراوه” ئاگر و ئاسنی به‌سه‌ردا ده‌باری و نوقمی گڕ و دووکه‌ڵ بوو. له هه‌موو لایه‌ک گرمه‌ی تۆپ و قریشکه‌ی بیکەیسی و هاژه‌ی کاتیوشا و لووره‌ی خۆمپاره ده‌نگی ده‌دایه‌وه و شاخ و پێده‌شتی ده‌دڕی و به‌ره‌و سه‌نگه‌ری ڕۆڵه‌کانی دێموکرات ده‌چوون، به‌ڵام هێزی پێشمه‌رگه کە قه‌ت له ئاور و ئاسنی دوژمن نه‌ترساون، به‌ره‌و سه‌نگه‌ری دوژمن پێشڕه‌وییان ده‌کرد.
سه‌رئەنجام پاش سێ ڕۆژ شه‌ڕی ده‌سته‌ویه‌خه و سه‌نگه‌ر به سه‌نگه‌ر، دوای سێ ڕۆژ حه‌ماسه خوڵقاندن و قاره‌مانه‌تی نواندن، پاش سێ ڕۆژ به‌ربه‌ره‌کانی به فه‌رمانده‌ریی موزەفەر تابعی و سه‌روان ئێقباڵ که‌ریمنژاد گه‌مارۆی دوژمن تێک شکێندرا. له ماوەی ئەو سێ ڕۆژ شهڕەدا به‌داخه‌وه سینگی پڕ له شه‌هامه‌ت و غیره‌تی فه‌رمانده‌ری لێوه‌شاوه‌ی حیزبه‌که‌مان موزەفەر تابعی له‌گه‌ڵ 15 هاوسه‌نگه‌ری دیکه‌ی کە بەشیکیان فەرماندە بوون کەوتنە بەر فیشەکی دوژمن. شەهیدانی دیکەی ئەم حەماسەیە بریتی بوون لە: سەروان ئێقباڵ کەریمنژاد فه‌رمانده‌ری هێز، شوکڕوڵڵای وه‌یسی فه‌رمانده‌ری لک، حه‌بیبوڵڵای وه‌یسی فه‌رمانده‌ری ده‌سته، عه‌باسی شه‌ریعه‌تی ئه‌ندامی کومیته ناوچه، توفیق ئه‌سه‌دنژاد جێگری لک، عه‌بدوڵڵا ڕه‌زایی فه‌رمانده‌ری ده‌سته، ئه‌میر محه‌ممه‌دی، ناسر ڕۆسته‌می، محه‌ممه‌دی زیبایی، یه‌دوڵڵای هادی، ئه‌میر ئه‌نساری، هاشم سهلاحیان، زاهید عه‌لامی، حه‌مید یه‌حیه‌وی و عه‌لی حه‌بیب نژاد.
ڕوحیان شاد و سەنگەری خەباتیان ئاوەدان