مرۆڤ کاتێک سەیری مێژوو یا ڕووداوە خۆش و ناخۆشەکانی خەباتی گەلی کورد بەتایبەت خەباتی ڕەوای پێشمەرگانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکا، ئەوەی باوەڕی پێ دێنێ یا وەک نموونەیەک لە ڕقی پیرۆز سەرنجی ڕادەکێشێ، ئازایەتی و کڵپەی ئاگری ئەوین و هەستی پێشمەرگەیە کە بڵێسەئاسا شۆڕشی بەتینتر کردووە و قەت خۆی نەداوەتە دەست ترس و دوودڵی. سەروەت و سامانی دنیاش کۆت و بەندی نەکردووە و خۆی بە باوەڕ و ئیمان ئەسپاردووە. شەهید موسا باباخانی یەک لەو پێشمەرگانە بوو.
مووسای ئێمە یەک لەو کەسانە بوو کە دڵی، کانی خۆشەویستیی و ئاوێنەی باڵانوێنی خۆڕاگری و شکۆمەندی بوو. ئەو کەسەی چیرۆکی نیشتماندۆستی و پشوودرێژی لە ئەودا وەک بێستوون باڵای کرد، ئەو پێشمەرگەیەی هەتاوی عەشق بەگەلەکەی هەتا دەهات زیاتر لە باوەڕی دەر دەکەوت و گەشەی دەکرد. بۆ منێک کە ئەوندەی ڕێم دەکەوتە قەڵا و کۆری ئازیزان، ئەو یەک لەوانە بوو کە بە دیتنی ڕوحم لێوڕێژ دەبوو لە هەستی مەعنەوی و دیدەم پێی ڕوون دەبۆوە. کە گوێم لە زاراوە شیرین و دڵگرەکانی دەبوو و شیلە بزەکانیم دەدی، تەواو سوکناییم بە خۆی و هاوتەمەنە لاوەکانی دەهات و پشوویەکم دەهاتەوە و هیوام سەرلەنوێ دەپشکووتن.
بەڵام مەخابن خۆشییەکان بۆ ئێمەی کورد بە نرخی گران و دەسەندەیە و هەتا جارێک ئۆخژن لەدڵمان دەگەڕێ دەیان جار تامی تاڵی دابڕان و کۆڕی شین و ئۆغری یارانمانە. 17ی خەرمانان گەیشتبوویە. ئەوکاتەی لە قەڵای دێموکرات، دڵی پۆلێک لە شەهیدان لە سینگی هەڵو بەرزەکان لە بەرزترین شوێنی ئاسمانی نیشتمان کەوتنە فرێن و سێبەریان ئاسمانی ڕۆژهەڵاتیشی تەنی، کۆمەڵێک لە هاوبیر و هاوسەنگەرانیش شەڵاڵی خوێن وبرین بوون. هەواڵەکە ئەوەندە سامناک بوو نەمزانی ڕێگای هەوڵێر هەتا کۆیەم چۆن و بە چەند دەقە بڕی. سەرەتا ڕوو بە قەڵا ئاژوتمان و دوایە ملی ڕێگەی نەخۆشخانەمان گرت. هەتا لە دەرکی نەخۆشخانە نزیکتر دەبوومەوە هەستم دەکرد چرکەکانی تەمەن کەمتر دەبنەوە. وەک بەفری بەر هەتاو تەمەن و ڕوحم دەتوایەوە و دادەچۆڕێ. ڕۆژی ڕەش ئەو ڕۆژە بوو. یەکەم هەواڵ کە قورسایی و خەمێکی گرانی چزاندە دڵمەوە دیار نەمان و بزربوونی پۆلێک لەو شەهیدانە بوو کە سۆراخیان نەبوو، هەنگاەکانم کزتر دەبوون سەیری بەردەکە و پەیژەکانم کرد هەمووی خوێن بوو، دەمزانی خوێنی ئازیزانمە، بەڵام خۆ ڕەنگی خوێنی هەموویان وەک یەک بوو.
وەژوور کەوتم چی ببینم! بۆ مەگەر دیدە دەتوانێ بە جارێک پۆڵێک هەڵۆی باڵخوێناوی و تەواری بریندار ببینێ؟ هەر ناڵە بوو، هەر جەستە بوو لە دەیان لاوە دابێژرابوون. چۆڕاگەی خوێن شوێنی لەسەر هەموو کاشییەکانی زەوی بەجێ مابوو. خوێنی هەموویان هی یەک سەنگەر و بۆ یەک ڕێباز و یەک ئامانج و یەکڕەنگ بوو، سوور وەک ئاڵای کورستان.
نەمدەزانی سەر لە کامیان هەڵێنم و دەستی کامیان بگرم. ئەو خوشکانەی هەر لە پێ تا تەوقی سەر شەڵاڵی خوێن و برین بوون، ئەو ژنانەی تۆرەمەی سەربەرزی نێو سەنگەر بوون، کەس تاقەتی نەبوو چاو لە برینەکانیان بکا. ئەو پێشمەرگانەی گرەویان لە سەر ئازادی بە زامەکانی خۆیان کردووە، هەموویان هەر نوکی مقەست و دەرزی لە جەستەیان ڕۆ دەچوو هەتا پریشک و ئاسن و پەلی لێ دەربێنن و برین و زامیان دەرمان کەن و زوو بێنەوە نێو سەنگەر، کۆڕ و کۆڕەوی خەبات چۆڵ نەبێ و دوژمن بە گەلیان خۆش نەبێ.
چاوم بە مووسا کەوت. وەک شێرێکی بریندار کە بە دەیان کەمتیار دەوریان دابێ و زامدار بووبێ، هەر هانکە هانکی بوو. پڕ بە جەستەی شێرانەی لرفەی دەهات شەپۆلی تەقینەوەکە و تەزووی کارەبا و ئەو بەرد ئاسن و پریشکانە کە بە سەریدا ڕووخابوون تووشی ئازارێکی لەڕادەبەدەر و حاڵەتێکی قورسی جەستەیی و تەنانەت دەروونییان کردبوو کە کەم کەس توانای خۆڕاگری و تاقەتی ئەو حاڵەتەی هەیە. لەگەڵ چەند کەس بە هەمووان دەست و لاقیمان دەگرت، بەڵام هەدادانی نەبوو. ئاخر خۆ مووسا کەسێک نەبوو سرەوتن بزانێ و وەک شەپۆلی زێی خوڕ ساتێ هەدادانی نەبوو.
موسا بە شیری شێرە ژنێکی کرمانشان فرچکی نەسرەوتنی گرتبوو، قەناسەکەی لە تیشەکەی فەرهاد لەلا خۆشەویستتر بوو، بۆ پاراستنی نیشتمان، ئیرادەی هاوتای قامەتی بیستوون بوو، بۆیەش دڵڕەشەکانی تاریکپەرەست هەمیشە لە ڕێباز و قەلەم و قەناسەکەی زراویان چووبوو.
دەستم لە نێودەستی بوو… چاوی لێ کردم و پڕ بە گەرووی هاواری کرد: “من نامرم… من پێشمەرگەی دێموکراتم…. من نامرم… .”
تۆ نامری کاکە مووسا، ئەتۆ کڵپەی ئاگری، ئەتۆ ڕازی هەرمانی خەباتی و لە مردن گەلێ بەهێزتری…