حه‌فتا ساڵ تێکۆشان و ئه‌رکه‌کانمان
با ئه‌و رێکه‌وته هانده‌رمان بێ بۆ ئه‌وه‌ی له بڵیندایی حه‌فتا ساڵ ته‌مه‌نی حیزبه‌كه‌مان ڕا ئاوڕ بده‌ینه‌وه سه‌ر ئه‌و رێگا دوور و درێژه که تا ئێستا حیزبه‌که‌مان بڕیویه‌تی و سه‌رباری هه‌موو سه‌ختی و که‌موکوڕییه‌کان شانازی به‌وه‌وه بکه‌ین که ئه‌مڕۆ ئێمه میراتگر و هه‌ڵگری ئه‌و ئه‌مانه‌ته مێژووییهین. هه‌ر له‌و کاته‌دا پێویسته ئه‌و بۆنه‌یه هانمان بدا بۆ ئه‌وه‌ی به‌له‌به‌رچاوگرتنی هه‌موو ئه‌و فاکته‌رانه‌ی له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان به هێندێکیان کرد، ئازایانه و سه‌ختگیرانه کارکردی تا ئێستای خۆمان و خه‌باته‌که‌مان بده‌ینه به‌ر زه‌ڕڕه‌بینی هه‌ڵسه‌نگاندن. پێویسته به‌وپه‌ڕی هه‌ستی به‌رپرسیارییه‌وه خۆمان له جارانیش ئه‌رکدارتر بکه‌ین و باشتر حیزبه‌كه‌مان بۆ ده‌رچوون له هه‌لومه‌رجی ئێستا ته‌یار بکه‌ین. تهیاربوونێک که به‌پێی فره‌ڕه‌هه‌ندیی خه‌باته‌که‌مان که‌ره‌سته‌ی پوخت و تۆکمه‌شی له هه‌موو بواره‌کاندا پێویسته، هه‌م ئه‌زموونی رابردووی ده‌وێ، هه‌م فیکری نوێ.
**
هه‌وڵی به دوو جه‌مسه‌ری کردنه‌وه‌ی پێوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سه‌رده‌می شه‌ڕی سارد له‌مێژه کۆتایی پێ هاتوه و ساڵانێکه فره جه‌مسه‌ری جێی دوو جه‌مسه‌ریی گرتۆته‌وه، دیارده‌یه‌ک که له‌م ساڵانه‌ی دواییدا به‌دی ده‌كرێ و هه‌تا دێ قووڵتر ده‌بێته‌وه ئه‌وه‌یه که رووسیه به‌مه‌به‌ستی قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی لاوازیی پێگه‌ی ساڵانی رابردووی، جیا له کێشه‌کانی پێوه‌ندیدار به حه‌وزه‌ی نفووزی سوننه‌تیی خۆی که به‌رچاوترینیان قه‌یرانی ئۆکراین بوو، هه‌وڵی داوهکۆمهڵێك کێشه‌ی دیکه‌ش له ئاستی جیهانی و ناوچه‌ییدا و له‌نێو وان‌دا قەیرانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دوو بەرەیی شیعە و سوننە بۆ ئه‌وه به‌کار ببا که جێپێیەکی پته‌وتر و به‌رفره‌وانتر له پێوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و نفووز له ناوچه‌دا بۆخۆی بکاته‌وه. وه‌ک ده‌ره‌نجامێکی ئه‌و ململانێ گه‌ورانه‌ش بە جۆرێک دوو جەمسەرییهکەی پێشوو به شێوازگه‌لی دیکه و له‌سه‌ر بنه‌مای کۆمه‌ڵێک فاکته‌ری نوێ (که چیدیکه ئیدئۆلۆژیک و یه‌کده‌ست نین) زیندوو بۆته‌وه.
**
تێرۆریزم و داعش
دیاردەی تێرۆریزم به‌تایبه‌تی ئەو جۆرە له توندوتیژیی کوێر کە لەسەر به‌ستێنی بنئاژۆیی ئیسلامی دروست بووە و لەو چەند ساڵەی دواییدا به شێوەکی زۆر به‌ربڵاوتر له پێشوو بەرۆکی مرۆڤایەتیی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و زۆر گۆشه و که‌ناری دیکه‌ی جیهان گرتوه، ئه‌مڕۆ وه‌ك بابه‌تی هه‌ره مه‌ترسیدار بۆسه‌ر ئاسایشی نێودەوڵەتیدێته به‌رچاو. هه‌ر ئه‌وه‌شه که پڕۆژه‌ی داعشی به‌ره‌وڕووی ئه‌و دژکرده‌وه به‌ربه‌رین و بێوێنه نێوده‌وڵه‌تییه کردۆته‌وه. به‌ڵام حاشای لێناکرێ که نه هۆکاره‌کانی سه‌رهه‌ڵدان و په‌لکێشانی ئه‌و دیارده مه‌ترسیداره ته‌نیا ئیدئۆلۆژین و نه کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییش له داڕشتنی ئامانج و شێوازه‌کانی ئه‌و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌دا یه‌کده‌نگ و یه‌كگرتوویه. له‌ڕاستیدا ئامانج و ئاجێنداکان له ئاستی جیهانی و ناوچه‌ییدا زۆر لێک جیاوازن و قه‌یرانی سووریه و شه‌ڕی داعش بوونه‌ته تێئاتری بردنه‌پێش و یهكلاکردنهوهی کۆمه‌ڵێک ململانه‌ی زۆر فراوانتری نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمی.
**
دووره‌دیمه‌نی دێموکڕاتیزاسیۆن له رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست
نالێکی و ناله‌باریی ئه‌م میراته ئیستعمارییه له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست هه‌روه‌ها کاریگه‌ریی خراپی له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی حوکمڕانی و هاوکێشه‌ی نێوان خه‌لک و حکوومه‌ته‌کانیش به‌جێ هێشتوه. له‌و شوێنه‌دا که ڕەوتی دێموکراتیزاسیۆن و شه‌پۆله یه‌ک له‌دوای یه‌که‌كانی دێموکڕاسی لە زۆر وه‌ڵات و ناوچه‌ی دیکه‌ی جیهاندا سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە و ژمارەی دیکتاتۆرەکان هه‌ر هاتوه و که‌متر بۆته‌وه، هه‌روه‌ک له رووداوه‌کانی به‌ناو “به‌هاری عه‌ره‌بی”دا سه‌رله‌نوێ سه‌رنجمان دا، لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا شۆڕش و ئاڵوگۆر و دەستاودەستکردنی دەسەڵات، دێموکراسی و کۆمەڵگه‌ی مەدەنییان لێنەکەوتۆتەوە. بەپێچەوانەوه، وێکهه‌ڵنه‌کردن و شەڕی فیرقه‌یی و تێرۆر له یه‌کلاکردنه‌وه‌ی ناکۆکییه سیاسییه‌كاندا بوون به ئەمری واقیع و فه‌رهه‌نگی زاڵ به‌سه‌ر ژیانی سیاسیی ناوچه‌دا.
**
پرسی ناو‌کی و خه‌باتی ئێمه
خەباتی خەڵکی ڕۆژهەلاتی کوردستان‌و تێکۆشانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە پێناوی مافەنەتەوەییەکانو بۆ جێگیرکردنی دیموکراسی لە ئێران‌دا زۆر به‌ر لە سەرهەڵدانی کێشەی ناوکیی ئێران‌و ڕۆژئاوا و تەنانەت زۆر زووتر لە هاتنەسەرکاری ئەو ڕێژیمە ده‌ستی پێکردوه. ئەگەرچی گوشاری دەرەکی‌و هەڵوێستی لێبڕاوانەی کۆمەڵگەی جیهانی لەئاست لاسارییەکانی ئەوڕێژیمەمان هەمووکات بەفاکتەرێکی ئەرێنی بۆخەباتی ئازادیخوازانەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌و ئێران له‌دژی ئەو ڕێژیمە زانیوەو دەزانین، به‌ڵام باوەڕمان وایە ئه‌وه که وەدیهاتنی ئامانجەکانی خەباتی خەڵکی ئێمە ده‌خاته گره‌وی خۆیه‌وه پێش هه‌موو شتێك به‌رده‌وامیی ئه‌و خه‌باته به هاوکاری و یه‌کگرتوویی هه‌موو هێز و لایه‌نه‌کان و هه‌موو به‌ستێنه‌کانی خه‌باته، نەک جۆری ئەو ئاڵوگۆڕانەی بەسەر پێوەندییەکانی ئەو ڕێژیمەو دنیای ده‌ره‌وه‌دا دێن.
**
فاکته‌ری کورد له هه‌لومه‌رجی نوێی ناوچه‌دا
ئه‌و هه‌لومه‌رجه نوێیه‌ی ناوچه جیا له‌وه که ده‌توانێ سه‌رچاوه‌ی کۆمه‌ڵێک مه‌ترسیی نوێش بۆ سه‌ر کورد بێ، له خوردکردنه‌وه‌ی جێگه و پێگه‌ی هه‌ر کام له پارچه‌کانی کوردستان و له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ پێوه‌ندییه نێوخۆییه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی کوردیش‌دا هه‌ڵگری کۆمه‌ڵێک که‌موکوڕییه. جیا له‌وه که هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان وه‌ك یه‌ک له‌و پانۆڕاما نوێیه‌ی ناوچه‌دا چالاک و دانپێدانراو نین و به‌شی سه‌ره‌کیی ئه‌و بایه‌خ دانه به رۆڵی کورد به‌پله‌ی یه‌که‌م باشووری کوردستان ده‌گرێته‌وه، دابه‌شبوونه هه‌رێمی و جیهانییه‌كان له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ قه‌یرانی ئێستای ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست دا به سیاسه‌ت و ئاقاری به‌شێک له هێزه کوردییه‌کانیشه‌وه دیاره. ئه‌مڕۆ هه‌ر له‌و کاته‌دا که به به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵانی پێشووتر هه‌ل و ده‌رفه‌تی له‌بار بۆ بردنه‌پێشی پرسی کورد له‌گۆڕێدایه، به‌ڵام نیگه‌رانییش له دابه‌شبوونی هێز و لایه‌نه کوردییه‌کان له په‌راوێزی ململانه‌ی نێوان هێزه ناوچه‌ییه‌کاندا و به‌رده‌وامیی زێهنیه‌تی یهكترقبووڵنهکردن و هێژێمۆنیخوازیی ئه‌م لایه‌ن و ئه‌و لایه‌ن زیادی کردوه.
**
سنووری جوغرافیایی رۆژهه‌ڵات
سیاسه‌تی دێموگرافی و راگواستن و لێکدانی قه‌ومی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وای لە بارودۆخەکە کردوە کە تا ئێستاش دیاریکردنی سنووری جۆغرافیایی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کارێكی ئاسان نه‌بێ. نه‌ک هه‌ر حیزب و لایەنە سیاسی و مەدهنییهکان لە دەرەوە و نێوخۆی وڵات نەیانتوانیوە له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ سنووره‌کانی خاکی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا بەرچاوڕوونی و ڕێنوێنیی هاوبەشیان هەبێ، به‌ڵکوو ئه‌م پرسه هه‌تا ئێستا به جیددی بیریشی لێ نه‌کراوه‌ته‌وه. ئه‌مه له چه‌شنی ئه‌و پرسه گرینگ و درێژخایهنانهیه که پێویسته لایه‌ن و بژارده‌کانی کورد پێکه‌وه کاری له‌سه‌ر بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م به به‌رچاوڕوونییه‌کی باشتره‌وه له ئێستای سیاسه‌تی کوردی له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان رووبه‌ڕووی پیلان و گیروگرفته‌کانی پێوه‌ندیدار به سه‌رزه‌مینی کوردستان ببنه‌وه و هه‌م بۆ دواڕۆژی ساغکردنه‌وه‌ی سنووری کوردستانیش ئاماده‌یی باشتریان هه‌بێ. شتێکی دیکه‌ش که لێره‌دا گرینگه ئه‌وه‌یه که نه‌هێڵین ئه‌م دابه‌شکردنه ئوستانییهی ئێستا شوێنه‌واری خراپ له‌سه‌ر رووحی نه‌ته‌وه‌یی کورد له ڕۆژهه‌ڵات دابنێ و به په‌ره‌پێدانی رووحی ناوچه‌گه‌ری و ئوستانی ببێته هۆی لاواز بوونی پێناسه‌ی هاوبه‌شی کورد له ئێران‌دا. هه‌ر له‌و کاته‌دا بژارده و لایه‌نه سیاسییه‌کان پێویسته له‌سه‌ر پێناسه‌ی سیاسی- جوغرافیایی کوردستانی ئێران وه‌ك واحیدێکی یه‌كگرتوو به‌رده‌وام و شێلگیر بن.
**
ئایین له رۆژهه‌ڵات و یه‌كگرتوویی نه‌ته‌وه‌یی
هۆشیاریی نەتەوایەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەورەترین له‌مپه‌ره له به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا که کێشەی ئایینی کۆمەڵگه‌ی ئێمە دابەش بکا. حیزبی ئێمەش لە چەند ساڵی ڕابردوودا هەوڵی داوە ڕێک لە چوارچێوەی ستراتێژیی بەهێزکردنی ئەو هەسته نەتەوەییه و پێشگیری له‌وه که جیاوازیی مه‌زهه‌بی له رووی سیاسییشه‌وه کوردی رۆژهه‌لات له یه‌کتر جیا بکاته‌وه، بچێته پێشێ. فره‌چه‌شنییه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان پێویسته وه‌ک ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌ک و به چاوی رێز و حورمه‌ته‌وه سه‌یر بکرێن. به‌ڵام هه‌ر له‌و کاته‌دا پێویسته هه‌موو چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به سوننی و شیعه و یارسان و هی دیکه‌وه له خه‌بات و تێکۆشانی خۆیان بۆ وه‌ده‌ستهێنانی مافه ره‌واکانیاندا یه‌كگرتوویی نه‌ته‌وه‌یی کورد بپارێزن و رێگه به کۆماری ئیسلامی نه‌ده‌ن که به مانۆڕه فێڵبازانهکانی خۆی له‌و جۆره فرهچهشنییانه بۆ درزخستنهنێو ریزه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان و به لاڕێدا بردن و گۆڕینی سروشت و جه‌وهه‌ری مه‌سه‌له‌ی کورد له ئێران که‌ڵكی خراپ وه‌ربگرێ.
**
پێوه‌ندییه نێوخۆییه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی کورد
حاشای لێ ناکرێ که دابه‌شبوونی کوردستان به‌رژه‌وه‌ندیی جۆراوجۆری له‌نێو خودی کورددا دروست کردوه و هه‌ر پارچه‌یه‌کی کوردستان یان ته‌نانه‌ت هه‌رکام له هێزه سه‌ره‌کییه‌کانی ئه‌و پارچانه خوێندنه‌وه‌ی خۆیان له‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه و به‌گشتی له ئایندهی مه‌سه‌له‌ی کورد هه‌یه. به‌ڵام هه‌ر له‌و کاته‌دا که ده‌بێ هه‌ر پارچه‌یه‌کی کوردستان بۆخۆی نوێنه‌رایه‌تیی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆی بکا و بۆخۆیشی ئاجێندای خه‌باتی خۆی ته‌نزیم بکا، هه‌ق وایه هه‌موو کورد پێکه‌وه ئه‌و قابلیه‌ته له خۆیدا پێک بێنێ که له‌سه‌ر هێندێک رێکار یان لانیکه‌م پره‌نسیپ هه‌م له‌بواری پێوه‌ندییه نێوخۆییه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی کورد و پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی حاکم به‌سه‌ر کوردستاندا و هه‌م له‌باره‌ی چۆنیه‌تیی بردنه‌پێشی مه‌سه‌له‌ی کورد وه‌ک مه‌سه‌له‌یه‌کی یه‌کده‌ست له ئاستی ده‌ره‌کیدا رێک بکه‌ون.
پێوه‌ندی و بردنه‌پێشی پرسی هیچ پارچه‌یه‌کی کوردستان نابێ له‌سه‌ر حیساب و به قیمه‌تی خه‌واندنی پرسی کورد له پارچه‌کانی دیكه‌ی کوردستان ته‌واو بێ. زه‌رووره‌ت و ریساڵهتی یه‌کیه‌تی و رووحی نه‌ته‌وه‌یی کورد و ته‌نانه‌ت به‌رژه‌وه‌ندیی جێگه و پێگه‌ی هه‌رێمی کوردستان ئه‌وه ده‌خوازێ که به‌رپرسانی ئه‌م پارچه‌یه‌ی کوردستانیش به چاوی حورمه‌ته‌وه بڕواننه رابردووی پڕشنگداری کورده‌کانی ڕۆژهه‌ڵات چلهبواری خه‌بات و فیداکاری بۆمافه ره‌واکانی خۆیان و چلهبواری هاوپێوه‌ندی له‌گه‌ڵ پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستاندا له گوتار و سیاسه‌تیاندا پرسی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و بزووتنه‌وه‌که‌ی نادیده نه‌گرن.
**
فیدرالیخوازی و تایبه‌تمه‌ندیی پرسی کورد له ئێران
خه‌باتی کورد له ئێران زۆر به‌ر له فیدرالیخوازی جه‌وهه‌ر و شكڵی ئه‌مڕۆی به خۆوه گرتوه و ئه‌و جه‌وهه‌ر و شكڵه له داهاتووشدا هه‌روا درێژه‌ی ده‌بێ. هه‌ربۆیه زۆر سروشتی و به‌جێیه که وێڕای کارکردن بۆ جێگیرکردنی فێدرالیزم وه‌ک مێکانیزمێک بۆ به‌ڕێوه‌بردنی هاوبه‌شی وڵات و وه‌ک ده‌سته‌به‌رێك بۆ ستاتووسی کورد، حیزبی ئێمه و گه‌له‌که‌مان به‌گشتی له هه‌موو قۆناغه‌کاندا ده‌ستئاوه‌ڵایی بۆخۆیان بێڵنه‌وه و لە گه‌ڕان به‌شوێن ڕێگاچارەکاندا قورسایی کار و بەرنامەکهیان پێشدا بخه‌نه سەر جێگیرکردنی مافە نهتهوایهتییهکانی کورد. بۆ ئێمە گرینگ ئه‌وه‌یه که وەک کورد لە تەنیشت پرۆژەی فیدراڵیدا، به‌رده‌وام له فکری ئه‌وه‌شدا بین که به‌پێی ده‌رفه‌ت و هه‌لومه‌رجی خه‌بات تێ‌بکۆشین ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌ی هەنگاو بە هەنگاویش بێ، بۆ وه‌ده‌ستهێنانی مافەکانی خۆمان کار بکه‌ین. ئه‌مه نه له‌گه‌ڵ فیدرالیخوازی بۆ سه‌رجه‌م ئێران و نه له‌گه‌ڵ حاکمیهتخوازیی خودی کورد (که له به‌رنامه‌ی ئێمه‌دا له زیندووکردنه‌وه‌ی چه‌مکی کۆماری کوردستاندا خۆی ده‌بینێته‌وه) له دژایه‌تیدا نیه.
**
“کۆمار” له دروشمی حیزب‌دا
زیندووکردنه‌وه‌ی چه‌مکی کۆمار و جێکردنه‌وه‌ی له دروشمی ستراتژیکی حیزب‌دا، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه که هێندێ جار ده‌گوترێ، که‌مترین ناته‌بایی له‌گه‌ڵ ویستی فیدرالیزم و مانه‌وه له چوارچێوه‌ی ئێران‌دا نیه. چونکه جیا له‌وه که له ئه‌زموونی پێشووی کۆماری کوردستاندا (١٩٤٦) ته‌عامول له‌گه‌ڵ تاران و مانه‌وه له چوارچێوه‌ی ئێران‌دا له به‌رنامه و ده‌ستووری کاری رێبه‌رانی کۆمار‌دا هه‌بوو، له‌ڕووی حقووقی و ئه‌زموونی وڵاتانی دیکه‌شه‌وه پێکهوههێنانی هه‌ردوو چه‌مکی فیدرالیزم و کۆمار شتێکی باو و ئاساییه و زۆر قه‌واره‌ی نیمچهسهربهست هه‌ن که له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تێکی به‌رفره‌وانتردا له‌ژێر ناوی کۆمار‌دا دانیان پێدا نراوه.
**
رۆژهه‌ڵات ته‌وه‌ری
لە فەزایەکی ئاوادا حیزبی ئێمە لەو باوەڕەدا بوو کە ده‌بێ سه‌رنجی خۆمان و خه‌ڵك و لایه‌نه‌کانی دیکه‌ش بۆ ئه‌و زه‌رووره‌ته رابکێشین که وزە و توانای سیاسی و خه‌باتگێڕیی ڕۆژهه‌ڵات پێش هه‌موو شتێک بۆ بەهێزکردنی ئه‌و پارچه‌یه‌ی کوردستان ته‌رخان بکرێ و نابێ ده‌ربڕینی هاوپێوه‌ندیی نەتەوەیی ببێته به‌ستێنێک که له‌ودا لەژێر ناوی پشتیوانی لە پارچەکانی دیکە بەشەکەی خۆمان لەبیربکەین. ئه‌وه به مانای غافڵبوون له هاوپێوه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی و پێویستیی هاوهه‌نگاویی نێوان پارچه‌کانی کوردستان نیه، به‌ڵکوو به مانای پێداچوونه‌وه به جێگه و پێگه‌ی ڕۆژهه‌ڵات له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی گشتیی بزووتنه‌وه‌ی کورد و فاکته‌ری کوردی له ناوچهداو نیشاندانی ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌یه که ئه‌گه‌ر قه‌رار بێ هاوپێوه‌ندی و مایهلهخۆدانان له‌نێوان کوردی ڕۆژهه‌ڵات و کوردی پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستاندا هه‌بێ، پێویسته ئه‌و هاوپێوه‌ندی و مایهلهخۆدانانه دوولایه‌نه بێ. نه ره‌وایه و نه ته‌نانه‌ت به به‌رژه‌وه‌ندیی چوونه‌پێشی مه‌سه‌له‌ی کورد له هیچ پارچه‌یه‌کی کوردستانیشه که مه‌سه‌له‌ی کورد له پارچه‌یه‌ک بخه‌وێندرێ یان ئاجێندای خه‌بات له پارچه‌یه‌کی کوردستاندا له‌راده‌به‌ده‌ر بکه‌وێته ژێرکاریگه‌ریی بارودۆخ و ئاجێندای خه‌بات له پارچه‌یه‌کی دیکه‌ی کوردستاندا.
**
چالاکیی مه‌ده‌نی له نێوخۆی وڵات
لە فەزایەکی وه‌هادا که بەداخەوە هەموو شتێک بە چاوی ڕەش و سپی سه‌یر ده‌كرێ، ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له هیچ لایه‌نێک که‌متر ئاگاداری ماهیه‌تی کۆماری ئیسلامی و سنوورداربوونی زه‌رفیه‌ته‌کانی فه‌زای ناوخۆ نیین و له‌حاڵێکدا له ساڵانی رابردوودا به‌ته‌نیا به‌قه‌را هه‌موو هێزه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات پێشمه‌رگه‌مان له نێوخۆی وڵات‌دا چالاک بووه، هه‌میشه پشتیوانیمان له هه‌وڵ و ئیبتکاره مه‌ده‌نییه‌كانی نیشتمانپه‌روه‌رانی کورد له نێوخۆی وڵات کردوه و ته‌نانه‌ت هانده‌ریان بووین بۆئه‌وه‌ی له هه‌وڵی دروستکردنی کۆڕ و کۆمه‌ڵ و رێکخراویشدا بن. ئه‌وه‌ش لهباوهڕمان به خه‌باتی فرەڕەهەندهوه سه‌رچاوه ده‌گرێ و پێمان وایه بە مەبەستی چالاککردنی خەڵک لە نێوخۆی وڵات و بە جەماوەریکردنی خه‌بات پێویسته پاڵپشتی به‌کرده‌وه‌ی ئه‌و به‌ستێنه گرینگه‌ی تێکۆشان بین. هه‌رله‌وکاته‌دا، له‌و باوه‌ڕه‌داین که پێویسته چالاکانی نێوخۆ به له‌به‌رچاوگرتنی هه‌موو ڕهنگاوڕهنگییهکانیان به‌شێوه‌ی یه‌كگرتوو و هه‌مه‌لاگیر پێکه‌وه کار بکه‌ن، هه‌وڵ بده‌ن کار و به‌رنامه‌کانیان زۆرتر له خانه‌ی نه‌ته‌وه‌ییدا بن و وێڕای کارکردن له‌سه‌ر ئه‌و بوار و بابه‌تانه‌ی له ژیانی خه‌ڵک نزیکترن، هه‌میشه جه‌وهه‌ری پرسی کوردیان وه‌ک پرسێكی سیاسی له‌به‌ر چاو بێ.
**
چالاکیی پێشمه‌رگه و خه‌باتی مه‌ده‌نی
ئێمه خۆڕاگری و خه‌باتی چه‌کدارانه بۆ خۆمان وه‌ک گه‌لێكی خاوه‌نمافی چاره‌نووس و له به‌رامبه‌ر رێژیمێکدا که له‌جیاتی پێکهێنانی ده‌رفه‌تی چاره‌سه‌ری سیاسی به دڕندانه‌ترین شێوه سه‌رکوتی ده‌کا، به مافی ره‌وا و ته‌نانه‌ت ئه‌رکی خۆمان ده‌زانین. به‌و حاڵه‌ش حزووری پێشمەرگە له نێوخۆی وڵات و جێگیربوونی هێزه‌کانمان له‌سه‌ر سنووره‌کان زۆرتر به‌مه‌به‌ستی حزووری سیاسی و ته‌شکیلاتی و پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی خۆمان بووه. ئه‌گه‌ریش له‌و رێگایه‌دا تێکهه‌ڵچوونێک له‌نێوان هێزی پێشمه‌رگه و هێزه‌کانی رێژیم‌دا رووی دابێ، ده‌ستکردنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه ته‌نیا بۆ دیفاع له خۆیان بووه. دیاره ئه‌وه به‌و مانایه نیه که هێزه‌کانی رێژیم به‌تایبه‌تی به‌کرێگیراوه‌کان سه‌رینی خاترجه‌می بخه‌نه ژێر سه‌ری خۆیان و له‌سه‌ر ره‌فتاری نائینسانی و دژی گه‌لییانه‌ی خۆیان ده‌رهه‌ق به خه‌ڵکی کوردستان به‌رده‌وام بن. حزوور و چالاکیی پێشمه‌رگه‌کانی ئێمه ده‌بێ وه‌ک به‌شێک له خه‌باتی فرەڕەهەندی حیزبه‌که‌مان چاو لێبکرێ. بۆ حیزبێک که ژیانی سیاسیی خۆی له‌پێشدا به به‌ڕێوه‌بردنی وڵات و بنیاتنانی داموده‌زگاکان ده‌ست پێ کردوه و دوایه ناچار بووه رێگای به‌ربه‌ره‌کانی بگرێته به‌ر، به هیچ جۆر نابێ به‌ستێنی خه‌باتی چه‌کدارانه به ئه‌لترناتیڤی به‌ستێنی تێکۆشانی مه‌ده‌نی چاو لێبکرێ. ئێمه خەباتی شاخ و خه‌باتی شار له به‌رامبه‌ر یه‌کتر دانانێین و به تەواوکەری یەکتریان ده‌زانین. ئەو کاتەی پێشمەرگە لە شار و گوندەکان لە گه‌ڕاندا بوون، بەشی تەشکیلاتی و لایه‌نگرانی حیزب له تێکۆشان و چالاکی له به‌ستێنی مه‌ده‌نیدا به‌رده‌وام بوون و ڕاگەیاندنی حیزبیش دەنگ و ڕەنگی هەردووکیان بوو.
**
کورد و ده‌وڵه‌تی مه‌رکه‌زی
له‌حاڵێکدا که رێژیمه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدار له تاران نه به به‌شداریی کورد دروست بوون و نه کوردیش ئیدیعای ئه‌وه‌ی کردوه که به ته‌نیا ده‌توانێ بیانڕووخێنێ، جووڵانەوەی ئێمە لە ئێران له‌سه‌ر بنه‌مای دروشمی رووخانی رێژیم و به‌هۆی چه‌کداربوونی بە جووڵانەوەیەکی “برانداز” ناسراوه. ئەو جۆرە خوێندنەوەیە لە شێوەی هەڵسوکەوت لەگەڵ تاران بەرهەمی ڕەفتار و کرداری ڕێژیم لە دژی ئێمە و له‌ڕاستیدا دژکردەوەی ئێمە بەرامبەر به تاران بووە. ده‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ویستی رووخانی رێژیمێک به‌و سروشت و ماهیه‌ت و کارکرده‌وه که کۆماری ئیسلامی هه‌یه‌تی به‌ته‌واوی مه‌نتقی و ره‌وایه، هیچ به به‌رژه‌وه‌ندی نیه که ئه‌وه ته‌واوی کایه‌ی سیاسیی ئێمه له ئێران‌دا له قالب بدا. دروست نیه له‌جیاتی مانۆڕدان و مه‌یدانداری ده‌گه‌ڵ رێژیم، هه‌موو ئیبتکار و خه‌للاقیه‌تی سیاسی و خه‌باتگێڕیی ئێمه ته‌نیا له دروشمی رووخانی رێژیم و بایکۆتی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا خولاسه بێته‌وه. سه‌رنجڕاکێشه که کۆمه‌ڵێک مانۆڕی وه‌ک به‌شداری له هه‌ڵبژاردن و وتووێژ له‌گه‌ڵ رێژیم که حیزبی دێموکڕات له‌وپه‌ڕی دڕنده‌یی رێژیم‌دا تاقیی ده‌کردنه‌وه، بیست سی ساڵ دواتر به ته‌واوی له کۆمه‌ڵگه‌ی سیاسیی ئێمه‌دا ده‌بن به تابوو. لێره‌دا قسه له‌وه نیه که ماهیه‌ت یا نیه‌تی کۆماری ئیسلامی چیه و باسه‌که نابێ له‌سه‌ر ئه‌وه بێ که رێژیمێک به‌و کارنامه‌یه‌وه که هه‌یه‌تی چه‌نده ده‌کرێ ئومێدی پێ ببه‌سترێ که هه‌نگاوێک به‌ره‌و کرانه‌وه یان به‌ره‌و چاره‌سه‌ری پرسی کورد هه‌ڵێنێته‌وه. به‌ڵکوو قسه له‌وه‌یه که لەو خوێندنەوە له قالبدراوهدا به‌هۆی کورتبووونهوهی یاریی سیاسی له پرۆسه‌یه‌کی نه‌گۆڕ و بێ به‌رهه‌مدا سەنگ و تواناکانی کورد بە گشتی و حیزبەکانی به‌تایبه‌تی وه‌ده‌ر ناکه‌وێ و له ئاکامدا نه رێژیم له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی کوردستان له ده‌ره‌وه‌ی خانه‌ی ئه‌منیه‌تی و چه‌کداری گیروگرفتی بۆ دروست ده‌بێ و نه سه‌رنجی بیروڕای نێونه‌ته‌وه‌ییش بۆ لای پۆتانسیه‌لێکی جه‌ماوه‌ری راده‌کێشرێ که وێڕای شوناسخوازییهکهی ده‌یتوانی و ده‌توانێ سه‌رمایه‌یه‌کی به‌هێزی ره‌وتی ئازادیخوازی بۆ هه‌موو ئێرانیش بێ.
**
له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردن له کۆماری ئیسلامی‌دا
حیزبی ئێمه له سه‌ره‌تای هاتنه‌سه‌رکاری کۆماری ئیسلامییه‌وه تا ئێستا قه‌ت به شێوه‌ی موتڵه‌ق و یه‌كده‌ست چاوی له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ژێر حاکمیه‌تی ئه‌و رێژیمه نه‌کردوه. ئه‌گه‌ر راسته که کۆمه‌ڵێک ئاسته‌نگی سیستمی له هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌کاندا به‌دی ده‌کرێن، ئارایشی هێزه‌کان و سروشتی هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌کرێ جیاوازییان پێکه‌وه هه‌بێ. به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه که سروشت و وه‌زعیه‌تی هه‌ر هه‌ڵبژاردنێک جیاوازه، ئێمه خۆمان له‌وه ده‌بوێرین که نوسخه‌ی پێشوه‌خت و یه‌کده‌ستمان بۆ مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پرسی هه‌ڵبژاردن له کۆماری ئیسلامی‌دا هه‌بێ و زۆر جار بۆخۆشمان هه‌ڵبژاردنمان ته‌حریم کردوه. له‌هه‌رحاڵدا ئه‌سڵی ئێمه ئه‌وه نیه که ته‌نیا له‌به‌ر خاتری ئارگومێنتی شه‌رعیه‌تدان به رێژیم (که ئارگومێنتێکی بێجێیه) پێشگیری له‌وه بکه‌ین که خه‌ڵک هه‌ڵبژاردنه‌کان وه‌ک ده‌رفه‌تێک بۆ نیشاندانی نێوه‌رۆکی ویست و داواکانیان و قورسایی دیمۆگرافیی قه‌ومی و به‌ربه‌ره‌کانی ده‌گه‌ڵ رێژیم به‌کار به‌رن.
**
ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی
به باوه‌ڕی ئێمه ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بۆ ده‌رچوون له‌و وه‌زعه که پێشتر باسمان کرد، پێویسته مشوور و ئازایه‌تیی به‌خۆداچوونه‌وه و خه‌سارناسییه‌کی جیددیی کارکردی ده‌یان ساڵه‌ی خۆی هه‌بێ و بە ڕاشکاوی دان به هەڵە و که‌موکوڕییه‌کانی خۆیدا بنێ. پێش هه‌موو شتێک لایه‌نه‌کانی نێو ئۆپۆزیسیۆن له‌جیاتی ئه‌وه‌ی به هۆکاری مێژوویی و فیکری یه‌کتر حه‌زف بکه‌ن و له په‌راوێز بخه‌ن، پێویسته فه‌رهه‌نگی یه‌کترقبووڵکردن و لهگهڵیهكتر حاوانه‌وه له‌نێو خۆیاندا جێگیر بکه‌ن. ئۆپۆزسێونی ده‌ره‌وه هه‌روه‌ها پێویسته له خه‌ڵکی ئێران و مه‌یدانی ئه‌سڵیی خه‌بات که نێوخۆی ئێرانه نزیک بێته‌وه. ئه‌وه‌ش کاتێك ده‌کرێ که ئۆپۆزیسیۆن تێگه‌یشتن و خوێندنه‌وه‌یه‌کی واقعبینانه‌ی له کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران هه‌بێ و ڕاستییەکانی وەزعی ئێران بەو جۆرە کە هەیە ببینێ، نەک ئه‌وه که لە خەیاڵ و ئارەزوودا بخولێتەوە. له مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و واقیعهشدا له‌جیاتی ئارمانگه‌رایی و گیرکردن له مه‌سایل و مه‌فاهیمی ئیدئۆلۆژیک و فیکری پێویسته له هه‌وڵی دۆزینه‌وه و ده‌کارخستنی رێکاره‌کانی بهمهیدانیکردن و نامهجازیکردنی خه‌باتدا بێ. له هه‌مووی گرینگتر بۆ ئێمه، پێویسته لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزیسیۆن له ته‌رسیمی ئایندهی سیاسیی ئێران‌دا له‌سه‌ر ڕێگاچارەیەک ساغ ببنەوە کە هه‌موو خەڵکی وڵات خۆی تێدا ببیننەوە. له‌و نێوه‌شدا، جیا لەلایەنی سیاسی و مێژوویی قه‌زیه‌ی کورد لە ئێران، پێویسته ئه‌وه وه‌به‌رچاو بگرن که ئه‌مڕۆ کورد سەنگ و پێگه‌یه‌کی بەهێزی لە ناوچەکەدا بۆخۆی پێکهیناوە. هه‌ربۆیە گۆڕەپانی سیاسیی ئێرانیش بە ژوورەوە و دەرەوە ناتوانێ کورد وه‌ک خۆی و له‌سه‌ر بنه‌مای ویست و داواکانی تایبه‌ت به خۆی وه‌به‌رچاو نه‌گرێ.
**
کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی
سیاسه‌تی ئێمه پێشوازی له هه‌ر چه‌شنه هه‌وڵێکه بۆ پێکهێنانی فۆرۆم یان هه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌کی هاوبه‌شی نه‌ته‌وه‌یی که به دوور له هێژێمۆنی خوازیی لایه‌نێک یان پارچه‌یه‌ک به‌سه‌ر لایه‌ن و پارچه‌کانی دیکه‌دا یارمه‌تی به‌وه بکا که کورده‌کان هه‌م بۆ پێوه‌ندییه نێوخۆییه‌کانیان و هه‌م بۆ کارکردن له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی کورد له ته‌واوه‌تیی خۆیدا له‌سه‌ر هێندێک پره‌نسیپ رێک بکه‌ون و کاریان پێبکه‌ن. به‌ڵام به له‌به‌رچاوگرتنی هه‌موو ئه‌و ئاسته‌نگانه که له کورتخایه‌ندا له‌سه‌ر رێگای وه‌دیهێنانی ئه‌و پڕۆژه‌یه هه‌ن، له‌و باوه‌ڕه‌داین که پێش ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو پارچه‌کان به ئه‌نجامی هاوبه‌ش بگه‌ین، پێویسته لایه‌نه‌کانی هه‌ر پارچه‌یه‌کی کوردستان له‌نێو خۆیاندا بگه‌نه جۆرێک لێکتێگه‌یشتن و کۆدەنگیی مایه‌دار. له‌و سۆنگه‌یه‌شه‌وه، ئه‌وله‌وییه‌تی ئێمه رێکخستنی نێوماڵی کورد له ڕۆژهەڵاتی کوردستانه.
**
هاوکاریی نێوان هێزه‌کانی رۆژهه‌ڵات
ئێمه هه‌میشه له‌و باوه‌ڕه‌دا بووین که هێزه‌کانی کوردی ڕۆژهه‌ڵات ته‌نیا کاتێک ده‌توانن له هاوکێشه‌کانی ناوچه و وڵاتی خۆیاندا شوێندانه‌ر بن و حیسابیان بۆ بکرێ که په‌ره به سه‌نگی تایبه‌ت به خۆیان بده‌ن. بۆ ئه‌وه‌ش پێویسته هه‌وڵ بده‌ن به ساغبوونه‌وه له‌سه‌ر گوتار و رێکاری هاوبه‌ش و هه‌مه‌لاگیر زۆرترین پۆتانسیه‌لی کۆمه‌ڵگه‌ی ڕۆژهه‌ڵات له هه‌موو به‌ستێنه‌کاندا له ده‌وری خۆیان کۆ بکه‌نه‌وه. بە لەبەرچاوگرتنی جێگە و پێگە و شوێندانه‌ریی”دێموکرات” له‌نێو بزووتنه‌وه‌ی کورد له ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا پێمان وا بووه که هه‌تا کێشەی نێوان دوو حیزبی دێموکرات چارەسەر نەبێ، ده‌ره‌تانی دروستکردنی بەرە یان هەر شتێکی لەو بابەتە له‌نێوان حیزبه‌کانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشدا ناڕه‌خسێ، مه‌گه‌ر ئه‌وه که حازر بین هێزه‌کانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا دابه‌ش بکه‌ین (شتێک که هه‌رگیز له سیاسه‌تی ئێمه‌دا نه‌بووه). هه‌ر بۆیە ئێمە له ماوه‌ی رابردوودا قورسایی زۆرتری هه‌وڵه‌کانمان خستبووه سەر چارەسەری پرسی نێوان دێموکڕاته‌کان. به‌ڵام ئه‌گه‌ر له ئاینده‌یه‌کی نزیکدا به ئاکامی دڵخوازیش نه‌گه‌ین، زۆر زه‌رووره که بۆ ئاماده‌یی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی رووداو و سیناریۆکانی داهاتوو پارته سیاسییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات به لانیکه‌می بنه‌مای لێكتێگه‌یشتن و مێکانیزمی کاری هاوبه‌ش بگه‌ن، جا له هه‌ر راده و سیغهیهکدا بێ.
**
که‌موکوڕییه‌کانی خه‌بات
لایه‌نێکی دیکه‌ی که‌موکوڕیی خه‌بات و تێکۆشانی ئێمه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ فه‌رهه‌نگی سیاسیی زاڵ به‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی کورد له ڕۆژهەڵات. جیا له‌و دابه‌شبوون و دڕدۆنگییانه که کۆمه‌ڵگه‌ی سیاسیی ئێمه چه‌ندین ساڵه پێیه‌وه گرفتاره، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه که له‌لای بزووتنه‌وه رزگاریخوازه‌کانی دیکه‌ی دنیا باوه و ته‌نانه‌ت به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه که زۆر جار له رابردووی بزووتنه‌وه‌ی خۆشمان‌دا رووی داوه، ئه‌مڕۆ بنه‌ماکانی سیاسه‌ت و مێتۆده‌كانی خه‌بات له‌ڕاده‌به‌ده‌ر بوونه‌ته بارمته‌ی کۆمه‌ڵێک تێبینیی بههاگهرایانه (ئه‌رزشی). به‌مجۆره‌یه که ئامانجه بچووک و کورتخایه‌نه‌کان به ناهه‌ق له به‌رامبه‌ر ئامانجه گه‌وره و درێژخایه‌نه‌کان داده‌نرێن یان شێوازێکی خه‌بات به ناهه‌ق به نه‌فیکه‌ره‌وه‌ی شێوازێکی دیکه‌ی خه‌بات له قه‌ڵه‌م ده‌درێ. به‌م چه‌شنه زۆر ئیبتکار و مانۆڕی سیاسی که ده‌کرێ یارمه‌تی به خوڵقاندنی سیناریۆی نوێ بکه‌ن یان لانیکه‌م سه‌رنجی بیروڕای گشتی بۆ لای پرسی ره‌وای گه‌له‌که‌مان رابکێشن، ئاکامی دڵخوازیان لێوهرناگیرێ. جێی خۆیه‌تی ئاماژه به‌وه‌ش بکه‌ین که به‌هۆی ره‌فتار و ماهیه‌تی دژمنانی کورد و سروشت و خه‌سڵه‌تی خه‌بات و خه‌ڵکه‌که‌مان، دهروونناسیی سیاسیی ئێمه ئه‌وه‌نده‌ی له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی خه‌باتی چه‌کدارانه و هه‌وڵدان بۆ گۆڕانی یهکساته سازگاره ئه‌وه‌نده قابلیه‌تی خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می ئه‌مڕۆ و هه‌وڵدان بۆ بنیاتنانی هه‌نگاو به هه‌نگاوی له‌نێو ئێمه‌دا دروست نه‌کردوه. ئه‌مه هه‌م له ساختاری ته‌شکیلاتیی ئێمه‌دا ره‌نگی داوه‌ته‌وه که زۆرتر وه‌ڵامده‌ری پێویستییه‌کانی سه‌رده‌می خه‌باتی چه‌کداری بووه و بارستاییه‌کی ئیداریی بۆ ئه‌مڕۆ له حیزب‌دا به‌جێ هێشتوه، هه‌م کاریگه‌ریی له‌سه‌ر توانا و خه‌للاقیه‌تمان له به‌كارهێنانی ئامراز و كاناڵه مۆدێرنه‌کانی تێکۆشان و راکێشانی هێزی پسپۆڕ و بژارده‌کانی ده‌ره‌وه‌ی خۆمان و ژێرخانسازیی فیکری و زانستی له‌و بوارانه‌دا که بۆ قهزیهکهمان پێویستن و…هتد داناوه.
پرسی نێوان دوو دێموکڕات
رێبه‌ری و به‌ده‌نه‌ی حیزبی ئێمه له‌و باوه‌ڕه‌دایه که له‌پێناوی یهكگرتنهوهیهکی راسته‌قینه‌دا که ده‌سته‌به‌ری به‌هێزی و یه‌کگرتوویی دوارۆژی حیزبی دێموکڕات بێ، پێویسته هه‌ردوو لایه‌ن (سه‌رفه‌نه‌زه‌ر له‌وه که خوێندنه‌وه‌یان بۆ لێک‌دابڕان چیه) ئێستا وه‌ک هه‌ن یه‌كتر قبووڵ بکه‌ن و رەوتی وەسەریەککەوتنەوە بە جۆرێک مودیرییەت بکەن کە بەیەکەوە خاوەنداری لەو ڕەوتە و له ئیدارەی داهاتووی حیزب بکەن. ره‌وتێک که له‌ودا لایه‌نێک خۆی به ئه‌سڵ و لایه‌نه‌که‌ی دیکه به فه‌رع بزانێ یا لایه‌نێک له هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بێ که خۆی به براوه و لایه‌نه‌که‌ی دیکه به دۆڕاو له قه‌ڵه‌م بدرێ، بێگومان ئه‌و ئه‌نجامه‌ی نابێ که کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان چاوه‌ڕوانی ده‌كه‌ن. واته حیزبی دێموکڕاتێکی به‌هێز و یه‌کگرتوو که چیدیکه له کێشه‌کانی رابردوودا گیر نه‌کا و رێزگرتن و سازکردنی سه‌نتێز له رابردوو و روانین و وزه‌ی سه‌رجه‌م تێکۆشه‌رانی خۆی بکاته ده‌سمایه‌ی ئیداره‌ی خۆی و مودیریه‌تی سیاسه‌ت و خه‌بات له کۆمه‌ڵگه‌دا.