لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا لانی کەم ۱۰۷ چالاکی کورد لە پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، سنه و ورمێ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکانی ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی دوو مانگی پووشپەڕ و گەلاوێژدا، لانیکەم ۱۰۷ کەس لە چالاکانی کورد لە شارەکانی کوردستان لە لایەن هێزەکانی ئێتلاعاتی سپای پاسداران و ئیدارەی ئێتلاعاتەوە دەسبەسەر کراون و ۹۸ کەسیان هەروا لە دەسبەسەریدا ڕاگیراون.
بە گوێرەی ئەو ئامارانە لە مانگی پووشپەڕدا ۴۲ کەس و لە مانگی گەلاوێژیشدا ۶۵ چالاکی کورد دەسبەسەر کراون و زۆربەی ئەو کەسانەش بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و هاوکاری لەگەڵ حیزبەکانی کوردستان دەسبەسەر کراون پێنج ژن و مێرمنداڵێکی ۱۷ ساڵەش لە نێو دەسبەسەرکراوەکاندان.
هەروەها، لانیکەم ۱۸ هاووڵاتیش لە کاتی ناڕەزایی دەربڕینەکان لە شارەکانی کرماشان و نەغەدە دەسبەسەر کراون
لە کۆی ئەو ۱۰۷ کەسەی دەسبەسەر کراون، ۸ کەسیان بۆ جێبەجێ کرانی سزاکەیان گوازراونەتەوە بۆ بەندیخانە و دوو کەسیشیان لە شارەکانی تاران و ئیسفەهان دەسبەسەر کراون.