خۆپیشاندانێک بۆ مەحکوومکردنی تێرۆری شەھید مووسا باباخانی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستان، هەروەها پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ شەهیدانی ٢٨ی گەلاوێژ کە بە فتوای جیهادی خومەینی بۆ سەر کوردستان شەھید کران.
ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢١ی ئاگۆستی ٢٠٢١ دەیان کەس لە ئەندام و لایەنگرانی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ مەحکوومکردنی تێرۆری ناجوانمێرانەی شەھید مووسا باباخانی و ٢٨ی گەلاوێژ یادی ٤٢ ساڵەی فتوای جیهادی خومەینی دژ بە گەلی کورد لە ناوەندی شاری” بێرن” لە وڵاتی سویس بەڕێوە چوو.
سەرەتای خۆپیشاندانەکە بە سرودی دوژمن بەزێنی ئەی ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەھیدانی کوردستان دەستی پێکرد.
لە سەرەتای خۆپیشاندانەکەدا هاوڕێ “زاهیر قادرحاجی” بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی سویس بەخێرهاتنی بەشداربووانی کرد، هەروەها هاوڕێ زاهیر باسێکی لەسەر ژیانی شەهید مووسا باباخانی و تێرۆری ناجوانمێرانەی لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، پاشان ئاماژەی بەوە کرد کە لە ٢٨ی گەلاوێژی ٤٢ ساڵ لەمەو بەردا خەڵکی کوردستان بە کەمترین ئیمکانات چۆن لە بەرامبەر ڕێژیم دا ھەڵوێستی جوانمێرانەی خۆیان گرتووە و خەڵک بەرەنگاری ھێزی خوێنڕێژی کۆماری ئیسلامی تازە بەدەسەڵات گەیشتووی بوونەتەوە.
لە درێژەی ئەم خۆپیشاندانەدا چەندین پەیام خوێندرانەوە کە بریتی بوون لە:
١ . پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە زمانی ئینگلیسی لە لایەن بەڕێز کاک” تەها سەید موحەممەدی” ئەندامی کۆمیتەی حیزب لە سویس پێشکەش بە بەشداربووان کرا.
٢ . پەیامی حیزبی شیوعی کوردستان لە لایەن کاک “ئازاد عوسمان “بەرپرسی حیزبی شیوعی کوردستان لە وڵاتی سویس، بەڕێزیان وێڕای دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ کۆمیتەی حیزب بەبۆنەی شەهیدبوونی شەهید مووسا باباخانی باسێکیشی لەسەر جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان هێنایە بەر باس.
٣. پەیامی پارتی کرێکارانی کوردستان لەلایەن بەڕێز بورهان پێشکەش بە بەشداربووان کرا.
٤ . پەیامی بەڕێز “عادڵ سادقپوور” بە بۆنەی شەهید بوونی شەهید مووسا باباخانی.
دوا بڕگەی خۆپیشاندانەکە دروشم دان بوو بە زمانەکانی ئاڵمانی و کوردی لە لایەن خاتوو شەهێن مودەڕەسی.