ئۆلیانۆف بەئاماژە بە ڕاوەستانی وتووێژە ناوکییەکان لە نێوان ئێران و وڵاتانی زلهێزی جیهان وتی: ناتوانین هیچ دڵنیایییەک بۆ دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی بدەین.
میخائیل ئۆلیانۆف، نوێنەری تایبەتی ڕووسیە لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی شەممە ٣٠ی گەلاویژی ١٤٠٠ی هەتاوی، سەرەڕای وتنی ئەوەیکە هیوادارین وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن دەسپێبکاتەوە لەلاپەڕەی فەرمیی خوی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر نووسی: هەرچەندە ئێمە هیوادارین وتووێژەکانمان دەسپێبکاتەوە بەڵام ناتوانین هیچ دڵنیاییەک بۆ دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی بدەین.
هاوکات لەگەڵ قسەکانی نوێنەری ڕووسیە لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، وەزارەتی دەرەوەی سێ وڵاتی ئورووپایی”ئاڵمان، فەرانسە و بریتانیا” بەدرکردنی بەیاننامەیەکی هاوبەش نیگەرانی توندی خویان لەهەمبەر پەرەپێدانی چالاکییە ناوکییەکانی ئێران دەربڕیوە و ڕایانگەیاندووە کە هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بەردنەسەری ئاستی پیتاندنی ئۆرانیۆم پێشێلکردنی ڕوونی ڕێککەوتنی ناوکییە.
لەبەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە کە لەسەر داوای ئێران ماوەی دوو مانگە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن ڕاوەستاوە و ئێران بەردەوام خەریکی پێشێلکردنی ئەو ڕێککەوتنەیە و تائێستا ئێران ڕێکەوتێکی دیاریی نەکردووە بۆ دەسپێکردنەوەی وتووێژەکان.