لەم ڕۆژانەدا کە ئێران لەگەڵ پەرەسەندنی پەتای کۆرۆنا و کەمیی دەوا و دەرمان و پێداویستییە تەندروستییەکان ڕووبەڕووبووەتەوە، نەخۆشەکان بۆ دابینکردنی تەنیا یەک سێرۆم ڕووبەڕووی کێشەی زۆر دەبنەوە و ناچار دەبن لە بازاڕی ڕەشی ئانلاینی ناسرخوسرەو بەنرخێکی زۆر بیکڕن.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی”ڕۆکنا” کە ڕۆژی شەممە ٣٠ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی بڵاویکردۆتەوە هاتووە کە ئەو درمانانەی کە لە دەرمانخانەکان و مانگی سوور، دەسناکەوێ زۆر بە ئاسانی لە کاناڵی تێلێگرامیی” ناسر خوسرەو” بە شێوەی ئانلاین و بازاڕی ڕەش بە نرخێکی یەکجار زۆر و سەرسووڕهێنەر و بە ٢٥ بەرابەری نرخی فەرمییەکەی دەستدەکەوێ.
هەرلەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە بەشی زۆری ئەو دەرمانانە کە لە بازاڕی ڕەشی ئانلایندا دەفرۆشرێن، هەر ئەو دەرمانانەن کە لە ناوەندە دەرمانییەکان و دەرمانخانەکان هاتوونەتە دەرەوە و لە بازاڕی ڕەشدا بە نرخێکی زۆر دەیفروشنەوە بە نەخۆشەکان.
لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە بەپێی دەرمانەکان نرخەکەشیان دەگۆڕدرێ بەجۆرێک کە ئەگەر دەرمانێک لە دەرمانخانەکاندا دەسنەکەوێ و کەم بێ لە بازاڕی ڕەشدا بە نرخێک ٢٥ بەرابەر دەکڕدرێ.