وەزیری ڕاگەیاندنی یەمەن ڕایگەیاند کە کارناسێکی سەربازیی ئێران و ٩کەسی دیکە لە هاوکارەکانی لە ئاکامی هێرشی ئاسمانیی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ سەر ناوچەی سەرواح لە پارێزگای مەرئەب کوژران.
مەعمەر ئەلڕیانی، وەزیری ڕاگەیاندنی یەمەن، ڕۆژی شەممە ٣٠ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی لە لاپەڕەی فەرمیی خوی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر نووسی: حەیدەر سیرجانی، کارناسی سەربازیی ڕێژیمی ئێران و ٩ کەسی دیکە لە یاوەرەکانی لە ئاکامی هێرشی ئاسمانیی هێزەکانی هاوپەیمان بۆ سەر بنکەیەکی سەربازیی لە پارێزگای مەرئەب کوژران.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: سیرجانی، لەلایەن سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانەوە هاتبووە یەمەن بۆ ڕاهێنانی سەربازیی بە میلیشیا حووسییەکان و هەروەها وتیشی: سیرجانی کارناسی پسپۆڕ لە بواری شەڕی بەرەیی و ناوچە کوێستانییەکان بووە و پاش کوژرانی” مستەفا ئەلغەراوی” کارناسی سەربازیی حیزبوڵای لوبنان، سیرجانی بوو بە جێگرەوەی ناوبراو لە بەرەی مەرئەب.
ئەلڕیانی لە درێژەدا جەختی لەسەر ئەوەکردەوە کە بوونی سەدان کارناسی سەربازیی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران و قاچاخی چەکوچۆڵ لە ڕێگەی میلیشیا حووسییەکانەوە و هەروەها پەرەپێدان بە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە ڕێژیمی ئێران سیاسەتێکی تێکدەرانەی لە ناوچەکەدا لە ڕێگەی میلیشیاکانیەوە گرتووەتەبەر.
ناوبراو لە کۆتاییدا داوای لە کۆمەڵگەی جیهانیی، وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە ڕووبەڕووی ڕێژیمی ئێران لەهەمبەر دەستێواردانەکانی لە ناوچەکەدا کە هۆکاری سەرەکیی ناسەقامگیری و شەڕە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببنەوە.