کۆماری ئیسلامی ئێران میلیشیاکانی نزیکی خۆی لەژێر ناوی “حەشدی شیعی” لە ئەفغانستاندا ڕێک دەخات.
ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی پووشپەڕ، ڕۆژنامەی جمهووری ئیسلامی مانشێتی خۆی بۆ هەواڵێک تەرخان کرد کە پاشان دڵەڕاوکێیەکی زۆری لێکەوتەوە و بەو شێوەیە ڕایگەیاند کە گروپێکی چەکدار لە شاری کابوولی پێتەختی ئەفغانستان بە ناوی “حەشدی شیعە”، بوونی خۆی ڕاگەیاندووە.
لەم هەواڵەدا هاتووە کە کەسێک بە ناوی “سەید حوسێن حەیدەری” فەرماندەیی ئەم گروپە جیهادییە شیعەیە دەکات و ناوبراو پێشتر وەکوو شەڕکەر لە عێراق یارمەتیدەری حەشدی شەعبی بووە.
جێی ئاماژەیە کە پێشتر بەشداریی هێزە ئەفغانییەکان لە شەڕی عێراق و سووریە بە یارمەتی سپای قودس و لەژێر ناوی تیپی فاتمییوون بووە کە هێزی خۆی لە ئەفغانییەکانی دانیشتووی ئێران پێک هێناوە.
هاوکات هەواڵی ڕۆژنامەی جمهووری ئیسلامی بوو بەهۆی بیرهێنانەوەی بەشێک لە مێژوو بۆ لێکۆڵەران ئەویش درووستبوونی مۆدێلێک هاوشێوەی حەشدی شەعبی لە ئەفغانستان بە یارمەتیی ئێران و بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ئەفغانستان.